بارسێلۆنا نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی عوسمان دێمبێلی

05-04-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن عوسمان دێمبێلی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر، بارسێلۆنا نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستی عوسمان دێمبێلیی یاریزانی فەرەنسی.
 
ماوەی گرێبەستی دێمبێلی لەگەڵ بارسێلۆنا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی دێت، بێئەوەی هەردوولا بگەنە هیچ رێککەوتنێک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، کە بارسێلۆنا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا دۆسیەی دێمبێلی داخست، دوای ئەوەی یاریزانەکە بە هیچ دەستەوارەیەکی بارسا رازی نەبوو.
 
لەگەڵ ئەوەشدا، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە کە دوێنێ ماتیۆ ئەلیمانی، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی لە مەغریب لە گەڵ موسا سیسیکۆی بەرێوەبەری کارەکانی عوسمان دێمبێلی کۆبووەتەوە و کۆبوونەوەکەیان دوو کاژێری خایاندووە.
 
ئەم کۆبوونەوەیە کە هێشتا وردەکارییەکانی ئاشکرا نەبوونە، ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەو راستییەی کە دێمبێلی بووچوونەکەی گۆڕاوە، کە پێشتر سووربوو لەسەر رۆیشتن لە بارسێلۆنا، بەڵام دوای بوونی چاڤی هیرناندێز بە راهێنەری بارسا، عوسمان هەست بە ئاسوودەیی دەکات، چونکە چاڤی مامەڵەیەکی جوانی لەگەڵدا دەکات و وەک یاریزانێکی گرنگی تیپەکەی سەیری دەکات.
 
تەنانەت هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە هەفتەی رابردوو، عوسمان لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنادا بە هاوڕێکانی گوتووە دەیەوێت بمێنێتەوە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کارگێڕیی بارسێلۆنا لەسەر داوای چاڤی هەموو هەوڵێکی دەدات بۆ ئەوەی گرێبەستی دێمبێلی نوێبکەنەوە، بەڵام بە مەرجی ئەوەی یاریزانەکە و بەڕێوەبەری کارەکانی مەرجە داراییەکانیان بگۆڕن و داواکانیان کەمتر بکەنەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە هەندێک سەرچاوەی دیکەش باس لەوە دەکەن کە دێمبێلیش ئامادەیە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام پێویستە بارسێلۆناش دەستەوارەیەکی باشتر لەوەی پێشتر پێشکێشی کردووە، بداتە یاریزانەکە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن، ئەگەر بارسا و عوسمان رێکبکەون، مانەوەی تراورێ و هاتنی رافینیا ئاستەنگیان دێتە پێش.
 
ئەلیمانی پێشتر لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو، دێمبێلی و بەڕێوەبەری کارەکانی دەزانن ماوەی ساڵێکە دۆخی ئێمە لە یانەکە چۆنە. هەروەها زیاتر گوتی "ئێمە دەمانەوێت ئەو بمێنێتەوە و ئێمە بەردەوام دەبین لە پێدانی مووچەی بەردەوام و گونجاو هاوشێوەی هەموو یاریزانانی دیکەی یانەکە".
 
بەڕێوەبەرەکەی بارسێلۆنا، هەروەها گوتیشی "ئەگەر دێمبێلی لەگەڵ ئەو کەشەدا بگونجێت کە ئێمە کردوومانەتە پێوەر بۆ هاوسەنگکردنی مووچەی یاریزانەکان بەپێی توانای یانەکە، ئەوکات ئێمە دڵخۆشدەبین بە بەردەوامبوونی لەگەڵماندا".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە