رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، یاریزانانی هەڵبژاردەی وڵاتەکە، بەرلەوەی یاریی کۆتایی پاشکۆی پاڵاوتن ئەنجام بدەن و سەرکەوتن بۆ مۆندیال مسۆگەر بکەن، داوای دەستنیشانکردنی بڕی ئەو پاداشتەیان کردووە کە پێیان دەدرێت، کاتێک دەگەنە مۆندیال.
بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، بووەتە بەشێکی دیکە لەو نهێنی و هەواڵە شۆکهێنەرانەی، رووپەلی رۆژنامەکانی ئیتاڵیای تەنیوە، پاشئەوەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بۆ سێیەمجاری لەسەریەک، نەیتوانی بگاتە مۆندیال.
لە یاریی کۆتایی پاشکۆی پاڵاوتن، ئیتاڵیا دوای یەکسانبوون لەگەڵ بۆسنە 1 - 1 بەهۆی لێدانە یەکلاکەرەوەکانەوە، سەرکەوتنی بۆ مۆندیال لەدەستدا.
مۆندیالی 2026 کە هاوینی ئەمساڵ، ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک میوانداریی دەکەن، دەبێتە سێیەم مۆندیال لەپاش مۆندیالی 2018 و 2022 کە هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ناتوانێت بەشداریی تێدا بکات.
سەرنەکەوتنی ئیتاڵیا بۆ مۆندیال، بووە هۆکاری سەرهەڵدانی تەنگژەیەکی گەورە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە و دەستلەکارکێشانەوەی گابریێلی گرافینای سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێ، پاشان جیجی بوفۆنی بەڕێوەبەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و جینارۆ گاتوسۆی راهێنەری هەڵبژاردەکە.
سەرچاوە میدیاییەکانی ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، بەر لە رووبەڕووبوونەوەی یەکلاکەرەوەی بۆسنە لە یاریی کۆتایی پاشكۆی پاڵاوتن، یاریزانانی هەڵبژاردەی وڵاتەکە، داوای دانوستاندنیان لەگەڵ بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵات کردووە، لەپێناو قسەکردن لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی پاداشتی یاریزانەکان، ئەگەر هەڵبژاردەکە گەیشتە مۆندیال.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، بڕیاربووە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا، بڕی 300 هەزار یۆرۆ بەسەر 28 یاریزاندا دابەش بکات، ئەگەر هەڵبژاردەکە بگاتە مۆندیال.
یاریزانانی هەڵبژاردەکە، بەر لە یارییەکە داوایانکردووە دەستنیشان بکرێت هەر یاریزانێک چەندی پارە دەدرێتێ و لەسەر بنەمای چی پاداشتەکە دابەشدەکرێت.
رۆژنامەی 'لاریپۆبلیکا' ئاشکرایکردووە، بەر لە یارییەکە، یاریزانانی هەڵبژاردەکە گوشاریان کردووە بۆ ئەوەی بۆیان یەکلایی ببێتەوە پاداشتی سەرکەوتنیان بۆ مۆندیال چەند دەبێت.
هەمان رۆژنامە دەڵێ، یاریزانەکان سەرقاڵی دانوستاندن بوون لەسەر یەکلابوونەوە بۆ دەستنیشانکردنی بڕی پاداشتەکەیان، بەڵام گاتوسۆی راهێنەر هاتووەتە نێو بابەتەکەوە و یاریزانانی ناچارکردووە دەست لە گوشارەکانیان هەڵبگرن.
'لا ریپۆبلیکا' دەڵێ، گاتوسۆ گوتویەتی دانوستاندن و قسەکردن لەسەر پارەی کارێک کە هێشتا ئەنجام نەدراوە، دروست نییە، هەربۆیە یاریزانەکانی لە کەشی مشتومڕی قسەکردن لەسەر پاداشتەکە دوورخستووەتەوە.
بەپێی ئەوەی میدیای ئیتاڵیا ئاشکرایانکردووە، بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکێکی نوێ کۆببێتەوە و دوای ئەوەش، راهێنەرێکی نوێ بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکە دەست نیشان بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ