رووداو دیجیتاڵ
دەکرا خەیاڵ بێت، بەڵام لە راستیدا، راستییەکی تاڵبوو.. ئیتاڵیا کە رۆژانێک گەورەی جیهان بوو، ئێستا ساڵانێک بەدەست ئازاری پاشەکشە و شکستەوە بەڕێدەکات.
لەبەردەم مەترسییەکی دیکەی تۆقێنەری ئەگەری سەرنەکەوتنەوە بۆ مۆندیال، مێژوویەک و دەیان هۆکاری کەڵەکەبوو هەن، کە هەموویان لە یەک راستییەوە سەرچاوە دەگرن، ئیتاڵیا لە پاشەکشەدایە و مەترسییەکە لە ئارادایە.
دەستنیشانکردنی هۆکارەکان، دەچنەوە بەردەم چیرۆکێکی درێژ، چیرۆکی ئەو ساتانەی بۆ یەکەمجار باڵای ئیتاڵیا بەرامبەر راستییە تاڵەکە چەمایەوە و تاوەکو ئێستاش خۆی پێڕاستنەکراوەتەوە.
چیرۆکەکە لە شکستەکەوە دەستپێدەکات
زیاتر لە 11 ساڵ بەسەر ئەو لێدانە سەرەی دیۆگۆ گۆدیندا لە بەرازیل تێپەڕی، کە بەهۆیەوە ئیتاڵیای ژێر دەستی چیزاری براندێلی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال کرایە دەرەوە. لەو ساتەدا، کەس نەیدەتوانی بیهێنێتە بەرچاوی خۆی کە دوای زیاتر لە دە ساڵ، هەر ئەو وێنەیە، دوایین وێنەی دەرکەوتنی چوار پاڵەوانی جیهان دەبێت، لەدەرکەوتن لەسەر گەورەترین شانۆی تۆپی پێ.
لەو یانزە ساڵەدا، ئازۆری گەیشتە ئەوەی زۆرینە پێیانوابێت، ئەوە خوارترین خاڵە تیپەکە پێی بگات لە مێژووی خۆیدا، کاتێک ساڵی 2017 و دوای 59 ساڵی رێک، نەگاتە مۆندیال، پاشئەوەی یاریی یەکلاکردنەوەی پاشکۆی پاڵاوتنی بەرامبەر سوێد دۆڕاند. سەیرەکە لەوەدابوو، پاش پێنج ساڵ لەو رووداوە، ئیتاڵیا بچووکتر دەرکەوت، کاتێک مەسەدۆنیای نەناسراو، نەیهێشت ئازۆری بگاتە مۆندیالی قەتەر.
ئەگەرەکانی نەگەیشتنە مۆندیالی 2026 لە ئارادایە بەتووندی، ئەوەش ئەگەری سێجاری لەسەریەک بەشدارینەکردن لە مۆندیالدا بەزیندوویی دەهێڵێتەوە. سەیرەکە لەوەدایە، لە هەمان ماوەی بێبەشبوونی ئیتاڵیا لە مۆندیال، هەڵبژاردەکە لە 2021 بەسەرپەرشتی رۆبێرتۆ مانچینی، نازناوی یۆرۆی بردەوە، پاش سەرکەوتن بەسەر ئینگلتەرا بەلێدانی یەکلاکەرەوە.
ئەوەی دەبوو لە دوای یۆرۆوە ببێتە سەرەتای دەرچوونێکی ناوازەی هەڵبژاردەکە، زۆر بەزوویی لەناوچوو. تەنانەت لە دوای کۆتایی هاتنی لەناکاوی سەرپەرشتیکردی مانچینی بۆ هەڵبژاردەکە، باشترین راهێنەری بیست ساڵی رابردوو کە لوچیانۆ سپالێتییە، نەیتوانی ئیتاڵیا لە مەینەتییەکانی رزگار بکات.
یەکەمین کردنە دەرەوەی خێرا لە یۆرۆی 2024 بوو بەچوونە دەرەوە لە قۆناخی شانزەی یۆرۆ لەسەر دەستی سویسرا، ئەوەش وێنەیەکی تۆقێنەری لەسەر هەڵبژاردەکە پێشاندا.
دواتر لە چارەکی کۆتایی نەیشنسلیگ هەمان سیناریۆ دووبارەبووەوە. ئەوانە رێگەخۆشکەربوون بۆ سەرەتایەکی کارەساتاوی هەڵمەتی دواتر لە مۆندیال و شکستی قورس بەرامبەر نەرویج بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر و بردنەوەیەکی شەرمنانە لە مۆڵدۆڤا، کە سەریانکێشا بۆ دەستلەکارکێشانەوەی سپالێتی و بەجێهێشتنی جەنگی سەرکەوتن بۆ مۆندیالی داهاتوو، بۆ جینارۆ گاتوزۆ.
رەگی تەنگژەکە قووڵترە
ئایا دەکرێ دۆخەکە بەگێڕانەوەی زنجیرەیەک شکستی یەک لەدوای یەک شرۆڤە بکرێت؟ راستییەکە ئەوەیە کە نەخێر، چونکە هۆکارەکانی تەنگژەکە درێژتر و قووڵترن لەوەی لە 1954 یان 1962 روویاندا، یان 1958. راستییەکە ئەوەیە کە تەنگژەکە رەگێکی قووڵتری هەیە، رەگەکە لە خاڵە لاوازەکانی پەیکەربەندیی و خۆنەگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی تۆپی پێ لە ساڵانی رابردوو، سەریانهەڵداوە.
ئیتاڵیا دەبوو لەوە لێهاتووتربێت کە واز لە توانای خۆی لە گەشەپێدانی بەهرەمەندەکانی بکات، ئەو نموونەیەکی کارگێڕیی شکستخواردووی هەڵبژارد بۆ ئەو کارە.
پاشەکشەی یانەکان و وەبەرهێنان
سەرکەوتنی ئاوارتە لە ئەڵمانیا لە مۆندیالی 2006، پاداشتی نەوەیەکی ناوازەی یاریزانانی وەک جیجی بوفۆن، ئەلیساندرۆ نێستا، فابیۆ کاناڤارۆ، ئاندریا پێرلۆ، فرانچیسکۆ تپتی، ئەلیساندرۆ دێل پیێرۆ بوو، ئەوان لە ساڵانی پێشوودا زۆر نزیکبوون لە سەرکەوتن.
لە هەمان کاتدا، سەرکەوتن لە بەرلین بەلێدانی یەکلاکەرەوە بەسەر فەرەنسادا، کۆتایی سەردەمێکی مەزن بوو. چونکە دوای ئەوە نەک تەنیا ئەنجامەکانی هەڵبژاردەکە پاشەکشەیان کرد، بەڵکو یانەکانی ئیتاڵیاش لە سەرکەوتنە نێودەوڵەتییەکان کەوتن. ئیتاڵیا کە ساڵی دواتر ئاهەنگی بۆ بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ و مۆندیالی یانەکان گێڕا لە رێگەی میلانەوە، تەنیا یەکجاری دیکە جامەکەی بەدەستهێنایەوە، ئەویش 2010 بوو کاتێک ئینتەر نازناوەکەی بردییەوە.
ئەو ماوەیە، سەرەتای هۆشداریی قۆناخە تۆقێنەرەکە بوو، مۆندیالی 2010 کارەساتبوو بۆ هەڵبژاردەکە لە ئەفریقای باشوور. چونکە هەڵگری نازناو، کە مارچێلۆ لیپی سەرپەرشتی دەکردن، زوو کرانە دەرەوە.
لەو کاتەوە، یانەکانی ئیتاڵیا چوار جار گەیشتنە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، (دووجار یوڤێنتوس و دووجار ئینتەر)، هەروەها دوو یاریی کۆتایی یۆرۆلیگ و سێ یاریی کۆتایی کۆنفرانسلیگ، بەڵام لە هەموویاندا تەنیا دووجار نازناوەکانیان بەدەستهێنا.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەنجامی باش لەو ماوەیەدا زۆر کەمبوون، هەستێک دروستبوو کە دوورییەکی زۆر لەنێوان دەستەبژێری ئەورووپا، لەسەردەمی زێڕینی نەودەکانەوە هەیە و تەنانەت تەرازووی هێز بەتەواوی پێچەوانە بووەتەوە.
بەراورد بە پرێمەرلیگ
ئێستا بەراوردکردنی خولی ئیتاڵیا بە پرێمەرلیگ مەحاڵە. پرێمەرلیگ بازێکی زۆر گەورەی داوە و بۆشاییەکە پڕناکرێتەوە، ئەوان یەکەم کەسبوون کە شۆڕشی کۆپەرنیکییانەیان بەهۆی هاتنی ملیارەکانی تۆڕە تەلەڤیزیۆنییەکان و وەبەرهێنەرانی جیهانیەوە بەرپا کرد. ئەوە یانەکانی ئەو وڵاتەی ناچارکرد پێداچوونەوە بەخۆیاندا بکەن، نەک وەک دامەزراوەیەکی وەرشی، بەڵکو وەک کۆمپانیای راستەقینەی بەرهەمهێنای خۆشڕابوێری کە توانای راکێشانی سەرمایەدارانی لە هەموو سوچ و قوژبنێکی جیهانەوە هەبوو. ئەوان یەکەمجار وەبەرهێنانیان لە یاریگە نوێیەکاندا کرد، کە دروستکراوە لەسەر بنەمای هێنانی پارە لە رێگەی (بازاڕکردن، چێشتخانە، فرۆشکە و چالاکیی جۆراوجۆر)، دواتر باشترین یاریزانان و راهێنەرانیان پەلکێشکرد.
هەرچی ئیتاڵیایە، نوقمبوونی خولەکە بە لیرەی پەخشی تەلەڤیزیۆنی و پاشانیش یۆرۆ، کارێکی ناو بەتاڵ بوو، چونکە یانەکان چاویان خستبووە سەر خەرجکردنی مەودا کور، لەپێناو پارێزگاری لە شتە رووکەشەکان، لەبری بونیادنان لەپێناو داهاتوودا. ئەوان ژێرخانی پێویستیان پشتگوێخست، شکستیان هێنا لە نوێکردنەوەی ئەو یاریگایانەی کۆن بوون و چیدی سەرنجڕاکێش نەماون. تەنانەت هاندەرانی دەرەوەش نەبوونە سەرچاوەی داهات بۆیان.
یانەکانی ئیتاڵیا وازیان هێنا لە وەبەرهێنان لە گەنجەکان کە بنەمای سەرەکیی داهاتووی تۆپی پێی ئیتاڵیا بوو، دواتریش سوودی بە هەڵبژاردەکە دەگەیاند، چونکە داهاتەکانیان ناهاوسەنگانە لە هێنانی یاریزانانی دەرەوەدا خەرجدەکرد.
گەیشتنی پارە زۆر و لەناکاوەکان لە کۆتاییەکانی نەوەدەکاتدا، هاوکاتبوو لەگەڵ گۆڕانکارییەکی دیکەی مێژووییدا، بڕیاری بوسمان لە 1996. ئەم بڕیارە هەوڵدانێکی ناڕێک بوو بەدوای ئەستێرە بیانییەکان و ئەوانەی ئومێدیان لەسەر هەڵدەچنرا، لەپێناو زیادکردنی توانای رکابەری. بەڵام پێکهاتەی تۆپی پێی ئیتاڵیای بەقووڵی گۆڕی، ئەوە وایکرد تیپی ئەکادیمیاکان کە پێشتر بەکۆکردنەوەی بەهرەمەندە ئیتاڵییەکان تەنرابوون، پڕبوون لە گەنجانی هەموو جیهان و زۆرینەی کاتیش لەبەر گونجانی ئابووری دەستنیشاندەکران نەک لێهاتوویی.
بەهرەمەندی لاو، نەمان
راهێنەرە لاوەکان، کە دەبوو بەهرەمەندە لاوەکان گەشەپێبدەن، کەوتنە ژێر گوشاری بردنەوە و هەڵگەڕان بەپلەبەندی پایەی پیشەیی، لەبری ئەرکی گەشەپێدانی یاریزانە باشەکان.
ئەمە یەکێکە لە هۆکارە راستەقینەکانی تەنگژەکە لە دوو دەیەی رابردوودا، بەتایبەت لە یانزە ساڵی رابردوودا کە کاتی یەکلاکەرەوەیە لەنێوان دوایین سەرکەوتنی ئیتاڵیا بۆ جامی جیهانی. چۆن دەکرێ وڵاتێک کە لە دوای هەموو سەردەمێکی شەڕ، یاریزانانی لەبەرزترین ئاستدا پێگەیاندبێت، ئێستا تێبکۆشێت بۆ ئەوەی تیپێک دروست بکات، توانای رکابەریی هەبێت. لە هەمان کاتدا، بەراورد بە دەوڵەتانی دیکە، کەمترین رێژەی بەهرەمەندی داواکراوی بەراورد بە وڵاتانی دیکەی ئەورووپا هەیە.
تەنیا لە چەند ساڵی رابردوودا، خولی ئیتاڵیا یاریزانانی وەک مارکۆ ڤێراتی، جیانلویجی دۆناڕوما، ریکاردۆ کالافیۆری، جوجیلیمۆ ڤیکاریۆ، ساندرۆ تونالی، دیستینی ئۆدۆگی، فیدریکۆ کیێزا، جاکومۆ راسپادۆری، ماتیۆ رۆجێری و جیۆڤانی لیۆنی پێگەیاندووە کە هەوڵیانداوە لە دەرەوەی خولەکە بدرەوشێنەوە. لە رابردوودا، بەرزیی مووچەی خولی نێوخۆیی، رێگربوو لەوەی یاریزانە ئیتاڵییەکان ئاڵنگاریی خۆیان قبووڵ بکەن و روو لە دەرەوە بکەن، ئەوان زۆرینەیان لەنێوخۆی وڵاتەکەدا دەمانەوە، تەنیا هەندێکی وەک جیانلوکا ڤیالی، پاولۆ دی کانیۆ، جیانفرانکۆ زۆلا، لە ئینگلتەرا و کریستییان ڤیێری لە ئیسپانیا.
رێکەوت نییە کە دوایین سەرکەوتنی گەورەی ئیتاڵیا کە لە یۆرۆی 2020 بوو، بەشانوباڵی کۆمەڵێک یاریزان بەدەستهێنران کە پێگەیشتن و گەشەکردنیان لە دەرەوەی وڵاتەکە بوو، لە شێوی دۆناڕوما، جۆرجینیۆ و ڤێراتی، کە ئەزموونی ئەوان لە دەرەوە، رێگەی پێدان ئاستیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بکەنەوە.
ئێستا کە ئیتاڵیا دەیەوێت پاش ساڵانێک دابڕان، بگەڕێتەوە جامی جیهانی، جارێکی دیکە ئومێدەکانی لەسەر ژمارەیەک یاریزان هەڵدەچنێت کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناسراون، لە شێوەی دۆناڕوما لە مانچێستەر سیتی، پاش ساڵێکی مەزنی سەرکەوتن لە سانجێرمان، هەروەها کالافیۆری لە ئارسیناڵ، تۆنالی لە نیوکاسڵ و مۆیس کین کە لە کۆتاییدا لە فیۆرێنتینا گیرسایەوە.
ئەوانە هەموویان یاریزانی زۆرباشن، بەڵام جیا لە دۆناڕوما، کەمیان هەن شایستەی ئەوەبن پێیان بگوترێت پاڵەوان. ئەوان کە لە خولی ئیتاڵیادا جاران زۆربوون، بەڵام ئێستا هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە.
لە نێو کۆمەڵەکەی ئێستادا، قورسە جیا لە دۆناڕوما کەسێک بدۆزینەوە توانای ئەوەی هەبێت لە یانەیەکی گەورەی ئەورووپادا شوێنێک بۆخۆی لە پێکهاتەی سەرەکیی تیپەکەیدا بگرێت. ئەم کەمییە لە کوالیتیدا، سیستمێکی بەرهەمهێناوە کە توانای ململانێ لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمەکەی هەبێت، ئەمە بەرهەمەی کولتوورێکی وەرزشییە کە شکستی هێناوە لەوەی بەهرەمەندی تەواو پێگەیشتوو و کامڵ لە رووی بیرکردنەوە و توانا و ئازایەتیی بەیاریزانە گەنجەکان بەرهەم بهێنێت.
سێ رووخساری دڵخۆشکەر
زۆر بەهرەمەند، وێڕای کاروانی باشی سەرەتایان لە ئەکادیمیا و هەڵبژاردەکانی لاوان، لە کۆتاییدا خۆیان لە تیپی پلە دوو و سێدا دەبیننەوە کە لەپێناو چەند خولەکێکی کەمی یارییکردندا دەجەنگن، یان روودەکەنە دەرەوەی ئیتاڵیا بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون. ئەمە ئاراستەی کاروانی فرانچیسکۆ بیۆ ئیسپۆزیتۆی هێرشبەری نوێی ئینتەر بوو، کە وەرزی رابردوو کاتێک بەخواستن لە سپیزیابوو، بووە جێگەی سەرنج، هەروەها شوێنی خۆی لە پێکهاتەی یەکەمی تیپەکەدا کردەوە، بەرلەوەی یەکەم گۆڵ بۆ ئیتاڵیا بەرامبەر ئیستۆنیا تۆمار بکات. ئەو هێرشبەرەیە لە دایکبووی 2005، ئێستا بەهێرشبەرە مەزنەکانی وەک ڤیێری و لوکا تۆنی بەراورد دەکرێت، بەڵام هەر بەئاوارتە دەمێنێتەوە و ئەو بەرهەمی ئاراستەیەکی دیاریکراوی رۆشنبیریی تۆپی پێ نییە کە هێشتا پێیوایە پشتبەستن بەگەنجەکان لاوازییە.
یەکێکی دیکە لەو بەهرەمەندانە، لیۆنییە، ئومێدی نوێی بەرگریی ئیتاڵیا، بەرلەوەی لە یەکەم دەرکەوتنی لەگەڵ لیڤەرپوول لە کاراباو کەپ، دووچاری پێکانی قورس ببیت. ئەو بەر لەوە جێگەی سەرنجی پارما بوو، جەنگی لەنێوان ئینتەر و میلاندا بەرپاکرد. ئەو ساڵی 2006 لەدایکبووە، دەکرا ئەگەر لە پرێمەرلیگ بووایە، چوونی بۆ لیڤەرپوول بەرامبەر 30 ملیۆن یۆرۆ ئاسایی بێت، بەڵام بۆ ئیتاڵیا، وەک زێدەڕۆییەک دێتە بەرچاو.
لەگەڵ ئەواندا، یاریزانێکی دیکە فرانچیسکۆ کاماردایە، بچووکترین یاریزان کە بۆ یەکەمجار بەشداریی لە خولی ئیتاڵیا دەکات، پاشئەوەی پڕۆسەی گەشەپێدانەکەی لەلایەن میلانەوە، لە یەکێک لە خراپترین قۆناخەکانی یانەکەدا خێراکرا. کاماردا لەسەر رێنوێنی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ بەشێوەی خواستن چووە لیچی، لەپێناو بەدەستهێنانی ئەزموونی زیاتر لە ژینگەیەکی نەرمتردا. دوای درەوشانەوەی لە چامپیۆنزلیگی خوار 17 ساڵان لە 2024، ئێستا ئامانجی گەڕانەوەیە بۆ میلان لەگەڵ بوونی بەیاریزانی سەرەکیی هەڵبژاردەکە، دەکرێ بەگەیشتن بەیۆرۆی 2028 یان مۆندیالی 2030 بووبێتە ئەستێرەیەکی راستەقینە.
کێشەی سیستمەکە
ئیسپۆزیتۆ، لیۆنی و کاماردا، سێ رووخساری داهاتووی تۆپی پێی ئیتاڵیان، بەڵام هاوکات ئەو بەهرەمەندانەن کە ئاڵنگاریی گەورەیان لەسەرە، ئەوان دەبێ کاربکەن بۆ جارێکی دیکە وروژاندنەوەی هاندەران. ئەوەش لەبەرئەوەی دەرکەوتنی ئەو لاوە ئیتاڵییانەی تۆپی پێ هەڵدەبژێرن وەک وەرزشی سەرەکیی ژیانیان، پاشەکشەی کردووە. ئێستا ئیتاڵیا لەبەرهەمهێنانی بەهرەمەندا لە وەرزشەکانی دیکەدا باشترە، یانیک سینێر و ماتیۆ پیریتینی لە تێنسدا تیشکی زۆریان بردووەتە سەر خۆیان، سۆفیا و جۆرجیا و فیدیریکا برینیۆنی لە خلیسکانی سەر بەفر و گەڕانەوەی ناوازەی بالەی ئیتاڵیاش لەبیر نەکەین.
لەم چوارچێوە پڕ لە دژبەیەکی و زەحمەتییەدا، جینارۆ گاتوزۆی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ناچاربوو بەرگەی گوشارێکی زۆر بگرێت. ئەگەر ئەو شکست بهێنێت لە گەیشتنەوە بەمۆندیال، ئەوە شکستێکی دیکەی سیستمی سیاسی و کارگێڕیی چەند ساڵی رابردووە، بەرهەمی بێئومێدییەکی دیکە و کەمێک لە چاکسازیی پەیکەری تۆپی پێیە. ئەو سەرکێشی بەبەشێک لە ناوبانگی خۆیەوە دەکات.
سیستمەکە پێویستی بەگۆڕانکاریی بنچینەیی لە ئیتاڵیا و تۆپی پێیەکەیدا هەیە، ئەوان ئێستا سەرقاڵی دەستکاریکردنی سیستمی چاکسازی و پەرەپێدانی یاریگەکانی ئیتاڵیان کە چاکسازی لە بونیاد و ژێرخانی ئیتاڵیا دەکات بۆ یۆرۆی 2032 کە ئیتاڵیا و تورکیا پێکەوە میوانداریی دەکەن.
جیا لەوەش، ئێستا داستانی درێژ و تاقەتپڕووکێنی سەر یاریگەکانی سانسێرۆ، یاریگەی نوێی میلانۆ، هەروەها پڕۆژەی یاریگەکانی بۆڵۆنیا، فلۆرەنسا، رۆما و ناپۆلی، هیچ کەمتر نین لەو گۆانکارییانەی پێویستن بۆ خۆپاراستن لە شکستهێنانی سێیەمی لەسەریەک، لە گەیشن بە مۆندیال.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ