هیلال دەیەوێت بەباشترین راهێنەرەوە بچێتە نێو مۆندیالی یانەکان

05-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هیلال
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هیلالی سعودی، دەیەوێت هەرچی زووە راهێنەرێکی نوێ دەستنیشان بکات، بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە خۆی بۆ یارییەکانی مۆندیالی یانەکان ئامادەبکات.
 
هیلال، دوای ئەوەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیادا بەرامبەر ئەهلی دۆڕا و ماڵئاواییکرد، خۆرخی جیسۆس، راهێنەری بەرازیلی و یانەکەی لە کارەکەی دوورخستەوە و ئێستا بەشێوەیەکی کاتی بۆ یارییەکانی خولی سعودیە، محەممەد شەلهوب، راهێنەرایەتی ئەو یانەیە دەکات، بەڵام چەند ناوێکی دیار و بەنێوبانگ بەربژێرن بۆ ئەوەی ببنە راهێنەری داهاتووی هیلال.
 
بەپێی ماڵپەری تۆک سپۆرت، نونۆ سانتۆ، راهێنەری نۆتینگهامی ئینگلیزی و پێشووی یانەی ئیتیحاد، کە لەگەڵ ئەو یانەیە ئەزموونێکی زۆری لە خولی سعودیدا بەدەستهێناوە و لە پلانەکانی یانەکەدایە بۆ ئەوەی لە مۆندیالی یانەکاندا ببێتە راهێنەری ئەو یانەیە.
 
سانتۆ لە ئیتیحاد توانیی بۆ یەکەمجار لە دوای 14 ساڵ، یانەکە بباتەوە سەر ستەیجی باشترین یانەکانی سعودیە و لەگەڵ ئەو یانەیە نازناوی خولەکەی بەدەستهێنا.
 
جگە لەو راهێنەرە پۆرتوگالییە یەکێکی دیکە لەو راهێنەرانەی ناوی لەگەڵ یانەی هیلال دەهێنرێت، جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بەنێوبانگ و ئێستای یانەی فێنارباخچەیە، کە چاوەڕواندەکرێت دوای کۆتایی ئەم وەرزە لە یانەکەی بڕوات. لە هەمان کاتدا مارکۆ سیلڤا، راهێنەری یانەی فولهام و ئانج پوستیگوگلۆی راهێنەری یانەی تۆتێنهامیش دوو بەربژێری دیکەن و لە پلانەکانی یانەکەدان.
 
یانەی هیلال لە ماوەی رابردوودا دەستەوارەیەکی پێشکێشی کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید کردووە، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل سوورە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو راهێنەرە و پێناچێت کارلۆ بچێتە سعودیە.
 
یانەی هیلال 6 خاڵ لە یانەی ئیتیحادی پێشەنگی ریزبەندی خولی سعودییەوە دوورە و لە پلەی دووەمی ریزبەندە، یانەکە چاوی لەوەیە لە مۆندیالی یانەکاندا ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت.
 
یانەی هیلالی سعودی لە مۆندیالی یانەکاندا کە ئەم هاوینە لە ئەمریکا دەکرێت، لە کۆمەڵەی هەشتەم بەرامبەر یانەکانی ریال مەدریدی ئیسپانی، سالزبۆرگی نەمسایی و پاچوکای مەکسیکی یاری دەکات و یەکەم یاریی لە 18-6-2025 دەبێت بەرامبەر یانەی ریال مەدرید.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە