دۆخی ریال مەدرید دەتەقێتەوە.. پێرێز زۆر لە ئێمباپێ تووڕەیە

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لە کیلیان ئێمباپێ تووڕەیە و بۆ یاریی کلاسیکۆی بەرامبەر بارسێلۆنا فەرمانێکی تووندی دەرکردووە، بۆ ئەوەی یاریزانەکە یاریی بکات.
 
رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، لە یاریی کلاسیکۆی ئیسپانیادا، ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر بارسێلۆنا یاریی دەکات و پێرێز دەیەوێت کیلیان بەشداری لەو یارییەدا بکات.
 
ئێمباپێ لە خولەکی 83ـی یاریی بەرامبەر ریال بێتیس، لە ماسوولکەکانی پشتەوەی قاچی چەپی تووشی پێکانبوو و بەو هۆیەوە لە یاریگاکان دوورکەوتەوە، ئەوەش مشتومڕێکی زۆری نایەوە و دوای ئەوەش یاریزانەکە بۆ بەسەربردنی کاتەکانی مەدریدی بەجێهێشت و لەگەڵ ئێستەر ئێکسپۆزیتۆ چووە دوورگەی سەردینیا.
 
ئەوە تووڕەیی سەرۆکی ریال مەدریدی زیاتر کرد، لەکاتێکدا ئەوان پێیانوایە دەبووایە یاریزانەکە لەژێر چاودێری پزیشکانی ریال مەدرید با بۆ ئەوەی چارەسەری پێکانەکەی وەربگرێت.
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی دەڵێت "کارگێڕیی ریال مەدرید پێیانوایە ئەم مامەڵەی ئێمباپێ بەردەوامیدانە بەو بێباکییەی کە یاریزانەکە هەیەتی، چونکە ئەمە جاری یەکەمی نییە ئەم کارە دەکات و پێشتریش بۆ وەرگرتنی رای پزیشکێک لە دەرەوەی ریال مەدرید چووەتە پاریس و ئەو کاتەی تیپەکەی لە بێرنابیۆ بەرامبەر خێتافی دۆڕا، یاریزانەکە لە پاریس پیاسەی دەکرد".
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، مامەڵەی کیلیان ئێمباپێ، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدریدی بێزارکردووە، چونکە ئەو یاریزانەیە کە پێرێز پێیوابوو ئەو سەرکردەی یانەکە دەبێت بۆ پڕۆژەی چەند ساڵی داهاتوو و هەر لەبەر ئەویش ڤینیسیۆس جونیۆر پشتگوێخرا.
 
سپۆرت نووسیوویەتی "پێرێز فەرمانی تووندی داوە بۆ ئەوەی هەرچی زووە کیلیان ئێمباپێ لە ڤالدێبێباس پشکنین بکات، بۆ ئەوەی دڵنیابن لە چاکبوونەوەی یاریزانەکە و ئامادەکردنی بۆ بەشداریکردن لە یاریی کلاسیکۆدا. پێرێز گوشار دەکات بۆ ئەوەی کیلیا بەشداری لەو یارییەدا بکات و لە رێگەیەوە پلانەکانی بارسێلۆنا بۆ یەکلاکردنەوەی لالیگا تێکبدات".
 
ئێمباپێ لەم وەرزەدا کێشەی زۆری لەگەڵ یانەکە هەبوو، سەرەڕای ئەوەی تیپە نزیکە لەوەی بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک وەرزەکەی بەبێ بردنەوەی نازناو بەڕێبکات. پێشتر کێشەی لەگەڵ یاریدەدەرێکی چابی ئەلۆنسۆ هەبوو، دوای ئەوەش خۆی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی لە ریال مەدرید پشکنین بۆ ئەژنۆیەکی هەڵە کراوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە