هاندەرانی ئامەدسپۆر داوای مەم ئارارات، شڤان پەروەر و جوان حاجۆ دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاندەرانی یانەی ئامەدسپۆر کە یانەکەیان گەیشتووەتە خولی نایاب (سوپەرلیگ)ی تورکیا، داوا دەکەن بۆ ئاهەنگی گەورەی یانەکەیان هونەرمەندان مەم ئارارات، شڤان پەروەر و  جوان حاجۆ لە سەکۆ ببینن.
 
پێش دەستپێکردنی ئاهەنگی گەورەی گەیشتنی یانەی ئامەدسپۆر بۆ خولی نایابی تورکیا، پرسیاری (حەز دەکەیت کێ لەسەر تەختەی شانۆ ببینیت؟) لەلایەن کۆمەڵەی ئۆڵترا (هاندەران)ی ئامەدسپۆر ئاراستەی هاندەرانی ئەو یانەیە کرا و وەڵام وەرگیرایەوە.
 
هاندەرانی ئامەدسپۆر دەیانەوێت ئەفسانەکانی هونەری کوردی و دەنگە نوێ و دڵخوازەکان پێکەوە لە ئاهەنگی سەرکەوتندا ببینن. 
 
داوای مەم ئارارات دەکەن کە بە بەرهەمە هەستبزوێنەکانی ناوبانگی دەرکردووە، هەروەها ژمارەیەکی زۆری هاندەران داوادەکەن لەو ساتە مێژووییەدا شڤان پەروەر بە سازەکەیەوە ئامادە بێت.
 
جوان حاجۆش یەکێک لەو هونەرمەندانەیە کە ئامەدییەکان دەیانەوێ بە گۆرانییەکانی پیرۆزبایی گەیشتنی ئامەدسپۆر بە خولی نایاب، پیرۆزبکات.
 
هاندەرانی ئامەدسپۆر جگە لە هونەرمەندەکان، داوای گرووپە میوزیکییەکانیش دەکەن. 
 
گرووپەکانی وەک (کۆما ئامەد) و (ئاگری ژیان) کە مێژووێکی مەزنیان هەیە، لەگەڵ تیپی سەرهەدۆ، دەنگی زوڵاڵی رۆژدا، ئازاد بەدران و ئەیلول نازلیەر، لە لایەن هاندەرانی ئامەدەوە زۆرترین جار داوا کراون.
 
ئەم داواکارییانە لەکاتێکدان کە هێشتا کارگێڕیی یانەی ئامەدسپۆر لیستی ئەو هونەرمەندانەی بڵاونەکردووەتەوە کە لەو رۆژە مێژووییەدا دێنە سەر سەکۆ.
 
ئاهەنگی پاڵەوانێتیی ئامەدسپۆر لە (گۆڕەپانی نەورۆز) لە ئامەد بەڕێوە دەچێت، بەڵام هێشتا رۆژی ئاهەنگەکە رانەگەیێندراوە.
 
لە دوایین یاریی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیادا، شەممەی رابردوو یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی ئیدرسپۆر بووەوە و یارییەکە بە ئەنجامی 3-3 کۆتایی هات.
 
ئەم یەکسانبوونە لەکاتێکدا بوو، ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر کە رکابەرەکەی ئامەدسپۆر بوو، یەکسان بوو و نەیتوانی لە یانەی پەندیک سپۆر بباتەوە کە ئەم ئەنجامە وایکرد ئامەدسپۆر، راستەوخۆ بگاتە خولی نایاب (سوپەرلیگ)ی تورکیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە