یانەی هەولێر: هاوکاری شورتە دەکرێت و بەربەست بۆ ئێمە دروست دەکرێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر راگەیێنراوێکی ناڕەزایی تووند بڵاودەکاتەوە و تێیدا یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بەوە تۆمەتبار دەکات کارئاسانی بۆ یانەی شورتە دەکات و دژایەتی ئەنجامە باشەکانی هەولێر دەکات لە رکابەرییکردن بۆ بەدەستهێنانی بلیتێکی بەشدارییکردن لە پاڵەوانێتییەکانی ئاسیادا.
 
یانەی هەولێر دەڵێت "لە کاتێکدا پێشبڕکێی خولی ئەستێرەکانی عێراق گەیشتووەتە لووتکە، یانەی هەولێر تێبینی دروستکردنی بەربەستی زۆری کردووە لە بەرامبەر ئەو کارئاسانی بۆ یانەی شورتە دەکرێن. شورتە ئێستا بە جیاوازی تەنیا یەک خاڵ لە ریزبەندی خولەکەدا لە پێش هەولێرە.
 
ناڕەزاییەکەی یانەی هەولێر دوای ئەوە دێت فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریدا یاری نێوان هەردوو یانەی نەورۆز و شورتە، کە رۆژی سێشەممە لە یاریگای نەورۆز لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، بێ ئامادەبوونی هاندەران بێت. فیدراسیۆنی ناوبراو بیانووی ئەم بڕیارەی بۆ گوتنەوەی دروشمی دوور لە گیانی وەرزشی لە لایەن هاندەرانی نەورۆز لە یاری بەرامبەر یانەی قوەجەوی گەڕاندووەتەوە، کە لە رێکەوتی 27ـی مانگی پێشوو لە یاریگای نەورۆز ئەنجامدراوە.
 
یانەی هەولێر لە راگەیێنراوەکەدا ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت "بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان هیچ دروشمێکی دوور لە گیانی وەرزشی بەرامبەر تیپی میوان و ستافی ناوبژیوانان نە گوتراوە و زۆر بەڕێزەوە مامەڵە کراوە". هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە یانەی جەوییە لە بەیاننامەیەکدا بە روونی باسی میواندۆستی یانەی نەورۆز و هاندەرانی کردووە.
 
بەرپرسانی یانەی هەولێر پێیان وایە دەرکردنی ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندی یانەی شورتەیە و هیچ شیکردنەوەیەکی دیکە هەڵناگرێت جگە لە دژایەتیکردنی سەرکەوتنەکانی یانەکەیان. بەپێی راگەیێنراوەکە "بێبەشکردنی هاندەرانی یانەی نەورۆز لەم یارییە گرنگە، لێکدانەوەیەکی نالۆژیکییە و نیشانەی ترسێکی پەنگخواردووی ناخی یانەکەیە لەو گوڕوتینەی هاندەرانی نەورۆز و تەواوی یانە کوردستانییەکان هەیانە".
 
ململانێی یانەکانی لوتکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا گەرمبوونی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، یانەی هەولێر دەیەوێت لە رێگەی پاراستنی مافەکانییەوە دوایین هەلەکانی بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بقۆزێتەوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە