رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا نزیکە لەوەی بەفەرمی نازناوی خولی ئیسپانیا یەکلایی بکاتەوە، چونکە تیپەکە تەنیا پێویستی بە یەک خاڵە لە یووبەڕووبوونەوەی داهاتوویدا بەرامبەر ریال مەدرید لە یاریگای کامپ نو بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوان، دوای ئەوەی توانی جیاوازیی 11 خاڵەکە بپارێزێت لە کاتێکدا تەنیا 4 گەڕ بۆ کۆتاییهاتنی خولەکە ماوە.
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامادەکارییە لۆجستییەکان بۆ ئاهەنگگێڕان دەستیان پێکردووە، بەڵام پرسیارەکان دەربارەی کاتی وەرگرتنی جامی لالیگا زیادیان کردووە، چونکە سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا تاوەکو ئێستا ئەم ئەگەرەی نەخستووەتە ناو بەرنامەی کارەکانییەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، رادەستکردنی جامەکە لە یاریگای یارییەکەدا لە رۆژی یەکشەممە شتێکی قورس دەردەکەوێت، چونکە ریال مەدرید رکابەری راستەوخۆی نازناوەکەیە و هێشتا لەڕووی ژمارەییەوە هەندێک چانسی ماوە بۆ بوون بە پاڵەوان.
سەبارەت بەو مۆدێلە ئەوروپییەی کە پەیڕەو دەکرێت، نزیکترین سیناریۆ ئەوەیە کە چاو خولە گەورەکانی دیکە بکەن؛ بایرن میونشن نازناوی خولی ئەڵمانی و ئینتەر میلان نازناوی خولی ئیتاڵییان یەکلایی کردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کامیان جامەکەیان وەرنەگرتووە.
قەڵخانی خولی ئەڵمانی لە گەڕی کۆتایی بوندسلیگا و لە میانی یارییەکەیدا لەسەر یاریگای خۆی بەرامبەر کۆڵن لە 16ـی ئایاری داهاتوو رادەستی بایرن میونشن دەکرێت، کە ئەوە کاتە دیاریکراوەکەیە بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگە نەریتییەکان و بەرزکردنەوەی قەڵخانی پاڵەوانێتییەکە.
لە لایەکی دیکەوە، یاریزانانی ئینتەرمیلان دوای سەرکەوتنیان بەسەر پارما لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا، لەسەر چیمەنی یاریگای سان سیرۆ ئاهەنگیان بۆ 21ـەمین نازناو لە مێژووی یانەکەدا گێڕا، بەڵام بێ وەرگرتنی جامەکە؛ رێوڕەسمە پرۆتۆکۆڵییەکان لە کۆتایی هەفتەی 16 و 17ـی ئایاردا دوای یارییەکەیان بەرامبەر هیلاس ڤێرۆنا بەڕێوەدەچن.
بەڵام لە خولی ئینگلیزی، کە رکابەرییەکی تووند لە نێوان ئارسیناڵ و مانچێستەر سیتی هەیە، نەریت وایە جامەکە لە گەڕی کۆتاییدا لە یاریگای پاڵەواندا رادەستی بکرێت. ئەگەر ململانێکە تاوەکو کۆتایی بەردەوام بێت، لەوانەیە یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلیزی ناچار بێت جامەکە لە دەرەوەی یاریگای پاڵەوانەکە رادەستی بکات ئەگەر ئارسیناڵ لە یاریگای کریستاڵ پاڵاس نازناوەکە بباتەوە، لەکاتێکدا مانچێستەر سیتی یاریی کۆتایی خۆی لەسەر یاریگای خۆی بەرامبەر ئاستۆن ڤێلا ئەنجام دەدات.
لە خولی فەرەنسیشدا، جامەکە لەسەر یاریگای خۆی رادەستی پاڵەوان دەکرێت، زۆربەی کاتیش بابەتەکە بەئاسانی بەڕێوەدەچێت، چونکە پاریس سانجێرمان راهاتووە چەند گەڕێک پێش کۆتایی نازناوەکان یەکلایی بکاتەوە، ئەمەش دەرفەت دەدات کە کاتی رادەستکردنەکە بەهێمنی دیاری بکرێت.
بەپێی ئەم زانیارییانە، گونجاوترین بژاردە بۆ بارسێلۆنا ئەوەیە کە جامەکە لە کۆتایی هەفتەی 16 و 17ـی ئایاردا و لەدوای رووبەڕووبوونەوەی ریال بێتیس لەکامپ نو وەربگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ