رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایگەیاند، دوای ئەوەی مبایێ دیاگنێ، هێرشبەرە سەنیگالییەکەی ئامەدسپۆر بە ئاڵای وڵاتەکەیەوە ئاهەنگی گێڕا، پۆلیس بە ئاڵای پەکەکە تێیگەیشتن و دەیانویست یاریزانەکە دەستگیر بکەن.
دوای سەرکەوتنی یانەی ئامەدسپۆر بۆ خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ) جەماوەری ئەو یانەیە لە زۆربەی شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان ئاهەنگیان گێڕا و پیرۆزباییان کرد.
لەو کاتەدا پۆلیس هەوڵیداوە رێگری لە مبایێ دیاگنێ، یاریزانی ئامەدسپۆر بکات کە ویستوویەتی بە ئاڵای وڵاتەکەی خۆیەوە (سەنیگال) ئاهەنگ بگێڕێت.
سەرهات ئەرەن، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، "پاسەوانەکانی بەڕێوەبەری پۆلیسی ئیدر ویستیان دیاگنێ دەستگیر بکەن. ئاڵای سەنیگالیان بینی و وایانزانی ئاڵای پەکەکەیە. هەوڵمان دا دۆخەکە بۆ بەڕێوەبەری پۆلیس روون بکەینەوە. بەڵام پاسەوانەکانی نیازی تورگای، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئیدر رێگرییان کرد."
ئەو پەرلەمانتارە قسەی بۆ میدیای خۆجێی کرد و گوتی، "دوای یارییەکە بینیم هەندێک لە هاوڕێیانمان بەرەو ناو یاریگە دەچوون، منیش بەرەو ئەوێ رۆیشتم. دیاگنێ بە ئاڵاکەی دەستیەوە بەرەو ناوەڕاستی یاریگەکە چوو، لەسەر ئەژنۆ دانیشت و ویستی ئاڵای سەنیگال بشەکێنێتەوە. لەو کاتەدا بەڕێوەبەری هۆبەی ئاسایش و پۆلیسەکان چوونە لای یاریزانەکەی ئامەدسپۆر و وایانزانی ئەوەی لەدەستیەتی ئاڵای پەکەکەیە. رێگەیان نەدەدا ئاڵای وڵاتەکەی خۆی رابشەکێنێتەوە."
ئەرەن هەروەها گوتی، "پۆلیسەکان بە پێداگرییەوە دەیانویست دەست بەسەر ئاڵاکەی سەنیگالدا بگرن. ئێمە چووینە نێوانیان و هەوڵمان دا دۆخەکە بۆ بەڕێوەبەری پۆلیس روون بکەینەوە و پێمانگوت:" ئەمە هێمای پەکەکە نییە، بەڵکو ئاڵای سەنیگالە. دوای گفتوگۆ، دۆخەکە ئارام بووەوە". دواتر، دیاگنێ جارێکی دیکە ئاڵاکەی بەرز کردەوە و درێژەی بە ئاهەنگی سەرکەوتنی یانەکەی بۆ سوپەرلیگ دا."
مبایێ دیاگنێ هێرشبەری یانەی ئامەدسپۆرە و خەڵکی سەنیگالە لەدایکبووی 1991ــە. ئەمساڵ بە تۆمارکردنی 29 گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیای گرت. پێشتر لە یانەکانی قاسم پاشا، گاڵاتاسارای و کاراگومروگ یاریی کردووە.
ئامەدسپۆر لە دوایین یاریی خولی پلە یەکی تورکیادا رۆژی 02-05-2026 بووە میوانی یانەی ئیدر، دوای ئەوەی یارییەکە 3-3 کۆتایی هات، ئامەدسپۆر بەو یەکسانبوونەی لەگەڵ ئیدرسپۆر، کۆی خاڵەکانی گەیاندە 74 لە کۆی 38 یاری و لە خولی پلە یەکەوە چووە خولی نایاب (سوپەرلیگ)ی تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ