ڤیدیۆ؛ عێراق یاریی مان و نەمان لەگەڵ کۆریا دەکات

05-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
هەڵبژاردەی عێراق
هەڵبژاردەی عێراق
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی عێراق، یاریی مان و نەمان بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆریای باشوور دەکات و جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە بۆ ئەوەی هەلی گەیشتن بە مۆندیالی بمێنێت.
 
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال، هەڵبژاردەی عێراق، یەکەم یاریی لەژێر سەرپەرشتی گراهام ئارنۆڵد، راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکەی ئەنجامدەدات و لە بەسرە میوانداریی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور دەکات.
 
عێراق ئەمە دوایین یارییەتی لەنێو یاریگە و هاندەرانی ئەنجامدەدات و دەیەوێت سوود لەوە وەربگرێت بۆ ئەوەی پارێزگاری لەو هەلە کەمەی بکات کە بۆ گەیشتن بە مۆندیال ماویەتی و جگە لە بردنەوە هیچ ئەنجامێکی دیکە خزمەتی هەڵبژاردەکە ناکات، سەرەڕای ئەوەی چەند رۆژێکی دیکە بەرامبەر ئوردن یاری دەکات، بەڵام لە ئەگەری دۆڕانی ئوردن بەرامبەر عومان دەکرێت عێراق لە یاریی یەکلاکەرەوەدا بەرامبەر ئوردن چارەنووسی خۆی یەکلابکاتەوە.
 
عێراق لە یاریگەی خۆیدا نەدۆڕاوە، دوو بردنەوە و دوو یەکسانبوونی لە دوایین چوار یارییدا هەیە، تیپەکە لە پلەی سێیەمی ریزبەندی کۆمەڵەی دووەمە و خاوەنی 12 خاڵە.
 
هەڵبژاردەی کۆریای باشوور بە مێژووییەکی گەورە بەرامبەر عێراق یاری دەکات و دەیەوێت لە دووری زیاتر لە 7 هەزار کیلۆمەترەوە زیاتر خۆی لە گەیشتن بە مۆندیال نزیک بکاتەوە.
 
شەمشەکوێرەکان، دوو رۆژە لە بەسرەن و خۆیان بۆ یاریی ئەمشەویان بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق ئامادەدەکەن، سۆن هیونگ مین و هاوڕێکانی دەیانەوێت لە بەسرەوە بلیتێکی گەیشتن بە مۆندیالی داهاتوو ببڕن.
 
کۆریای باشوور لە پێشەنگی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی کۆمەڵەی دووەمە بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ و بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو بە ئەگەری زۆرەوە تیپەکە دەگاتە مۆندیال.
 
هەڵبژاردەی کۆریای باشوور لە مێژوودا بەرامبەر هەڵبژاردەی عێراق، 20 یاریی ئەنجامداوە، 10 یاریی بردووەتەوە، لە 8 یارییدا یەکسانبوون و تەنیا دوو یاریی دۆڕاندووە، دوایین یارییان لە 2024 بوو کاتێک کۆریای باشوور لە یاریگەی خۆیدا بە 3-2 لە هەڵبژاردەی عێراقی بردەوە.
 
کۆریا لە جامی ئاسیای 2007ـەوە هیچ یارییەکی بەرامبەر عێراق نەدۆڕاندووە و دوایین سێ یاریی لەو هەڵبژاردەیە بردووەتەوە.
 
یارییەکە کاژێر 21:15 لەسەر یاریگەی بەسرە بەڕێوەدەچێت، ئەمە یەکەم دەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراق دەبێت، لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە نوێیەکەی، دوای ئەوەی گراهام ئارنۆڵد لە شوێنی خیسۆس کاساس کرایە راهێنەری تیپەکە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە