رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی رۆژی هەینی کاژێر 04:00 دوای دوورکەوتنەوەی بۆ ماوەی حەوت مانگ، جارێکی دیکە لیۆنێل مێسی بەدرێسی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە دەردەکەوێتەوە، کاتێک لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا بەرامبەر هەڵبژاردەی چیلی یاری دەکەن.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 15ـی پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیال، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە دەرەوەی یاریگە خۆی و لە سانتیاگۆ دەبێتە میوانی چیلی، تانگۆ سەرکەوتنی بۆ مۆندیال مسۆگەرکردووە و تەنیا دەیەوێت ژمارەی خاڵەکانی زیادبکات و بەبردنەوەیەکی دیکە هاندەرانی دڵخۆش بکات.
هەڵبژاردەی چیلی لە خراپترین بارودۆخی دایە و لە 14 یاریی رابردوودا تەنیا دوو یاریی بردووەتەوە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور خاوەنی 10 خاڵە.
لە یارییەکەدا مێسی تەمەن 37 ساڵ، دەگەڕێتەوە نێو یاریگەکان و دوای دوورکەوتنەوەی بۆ ماوەی 7 مانگ جارێکی دیکە بەدرێسی تانگۆوە یاریی دەکات.
دوایین جار لە مانگی یانزدەی 2024 یاری بۆ هەڵبژاردەی ئەلبیسێلێستی کردووە، کە بەهۆی پێکانەوە لە ماسوولکەکانیدا نەیتوانی بەشداری لە دوو یارییەکەی مانگی ئاداردا بکات، کە تیپەکەی لیۆنێل سکالۆنی سەرکەوتنی بۆ مۆندیالی داهاتوو مسۆگەرکرد.
سکالۆنی دەبێت بڕیار بدات کێ جێگەی نیکۆلاس ئۆتامێندی، کە سڕکراوە لە هێڵی بەرگری ناوەڕاست شانبەشانی کریستیان رۆمیرۆ دەگرێتەوە. لیۆناردۆ بالێردی و فاکوندۆ مەدینە تکابەری لەسەر ئەو پۆستە دەکەن.
بەهۆی سڕکردن و پێکانەکانەوە، ئەرجەنتین لە تواناکانی چەند یاریزانێکی بێبەش دەبێت، لەوانەش ئەلێکسیس ماکالیستەر کە بەهۆی پێکانەوە لە یاریگاکان دوورخرایەوە، ئینزۆ فێرناندێز و لیاندرۆ پارێدێس بەهۆی کەڵەکەبوونی کارتی زەردەوە بەشداری لە یاریی یەکەمدا ناکەن. رۆدریگۆ دی پاوڵ کە یاریزانێکی سەرەکییە، لەگەڵ جیۆڤانی لۆسێلسۆ و ئێکسیکیل پاڵاسیۆس، بڕیارە لە هێڵی ناوەڕاست یاری بکەن.
لەلایەکی دیکەوە لاوتارۆ مارتینێزی هێرشبەر رۆژی چوارشەممە پەیوەندی بە هەڵبژاردەکەوە کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لەگەڵ ئینتەرمیلان بەشداری لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا کرد و بەئەنجامی 0-5 بەرامبەر پاریس سانجێرمان دۆڕان و یاریزانەکە لە دۆخێکی دەروونی خراپدایە، بۆیە ئەگەری هەیە بەشێوەی سەرەکی یاری نەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ