رووداو دیجیتاڵ
فلۆريان وێلبرۆكی ئەڵمانی، بووە خاوەنی میدالیای زێڕ لە ماراسۆنی مەلەوانی پیاواندا، دوای ئەوەی هەر زوو پێشەنگی رکابەرانی گرت و تاوەکو هێڵی کۆتایی پێشبڕکێیەکە لە پێشەوەی هەمووندا مایەوە.
وێلبرۆك ماوەی پێشبڕکێیەکەی، کە 10 کیلۆمەتر بوو، بە کاژێرێک و 48 خولەک و 33 چرکە بڕی.
کریشتۆڤ راشوڤسکیی هەنگاری بەجیاوازی 25 چرکە لەدوای وێلبرۆک پلەی دووەم و میدالیای زیوی بەدەستهێنا.
پلەی سێیەم و میدالیای زیویش بووە بەشی گریگۆریۆ پالترینیێریی مەلەزانی ئیتاڵی، کە ماوەکەی بە کاژێرێک و 49 خولەک و یەک چرکە بڕی.
وێلبرۆك و پالترینیێری، کە یەکەمیان میدالیای برۆنزی لە پێشبڕکێی 1500 مەتر مەلەوانی ئازاد بەدەستهێناوە و دووەمیشیان میدالیای زیوی لە پێشبڕکێی 800 مەتر مەلەوانی ئازاددا بردووەتەوە، بوونە هاوشانی ئوسامە مەلوولی مەلەزانی تونسی، کە تەنیا ئەم سێیانە توانیویانە لە هەمان ئۆڵیمپیاددا میدالیایەک لە مەلەوانی و یەکێکیش لە ماراسۆنی مەلەوانیدا بەدەستبێنن، کە مەلوولی لە ئۆڵیمپیادی 2012ـی لەندەندا ئەو کارەی کردبوو.
دوای کۆتاییهاتنی پێشبڕکێیەکە، فلۆريان وێلبرۆكی ئەڵمانی، گوتی "ماوەی 7 کیلۆمەتری یەکەم بۆ من ئاسان بوو، بەڵام دواتر رووبەڕوویی رکابەرییەکی بەهێز بوومەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ