رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئینتەرمەیامی تووشی دۆڕانێکی گەورە بوو، دوای ئەوەی لە رکابەرییەکانی خولی ئەمریکادا بەرامبەر یانەی شیکاگۆ دۆڕا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی گەڕی 32ـی خولی ئەمریکا، یانەی ئینتەرمەیامی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی شیکاگۆ یارییکرد و یارییەکەی بە گۆڵێک بەرامبەر چوار گۆڵ دۆڕاند و سێ خاڵی لەدەستدا.
هاوشێوەی چەند یاریی رابردوو، لیۆنێل مێسی، بەهۆی پێکانەوە بەشداریی لەم یارییەشدا نەکرد.
دوای 49 خولەک یارییکردن، شیردان شاقیری، ئەستێرەی سویسری و پێشووی یانەی لیڤەرپوول گۆڵی پێشکەوتنی بۆ شیکاگۆ تۆمارکرد، بەڵام دوای چوار خولەک خۆسێ مارتینێز، ئەنجامەکەی بەلێدانی سزا بۆ ئینتەرمەیامی یەکسانکردەوە.
دوای ئەو گۆڵە، خاوەن یاریگە ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد، مارێن هایلی سێلاسی لە سێ خولەکدا دووجار تۆڕی گۆڵی ئینتەرمەیامیی هەژاند و یانەکەی کردە خاوەنی سێ گۆڵ.
لە خولەکی 73 شیردان شاقیری گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی یانەکەی تۆمارکرد و شیکاگۆ یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و هیواکانی ئینتەرمەیامیی بۆ گەیشتن بە پلەی ئۆف کەمکردەوە.
دوای ئەم دۆڕانە گەورەیە، ئینتەرمەیامی لە پلەی پێشکۆتایی ریزبەندی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی خولی ئەمریکایە و 33 خاڵی هەیە، شیکاگۆ لە پلەی دەیەمی ریزبەند بووە خاوەنی 40 خاڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ