ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ.. دۆرتموند میوانی مانچێستەر سیتییە و بارسێلۆناش سەرکەوتنی دەوێت

05-11-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەمشەو 9 یاری دیکە لە گەڕی چوارەمی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەدەچن، کە یاریی لووتکە لەنێوان  بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی و مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دەبێت لەسەر یاریگەی ئەمەی دوایی. بارسێلۆناش بە ئامانجی هێنانەوەی سێ خاڵی دیکە دەچێتە بەلجیکا.
 
مانچێستەر سیتی - بۆرووسیا دۆرتموند

 

یانەی مانچێستەر سیتی دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکەی تۆماربکات، کاتێک لە یاریی لووتکەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەرامبەر یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی یاری دەکات.
 
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی چوارەمی چامپیۆنزلیگدا، ئەمشەو لە بەهێزترین یارییدا، یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی بۆرووسیا دۆرتموند یاری دەکات و هەردوو تیپ رکابەری لەسەر بەرزکردنەوەی ژمارەی خاڵەکانیان دەکەن و دەیانەوێت زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیک ببنەوە.
 
هەردوو تیپ تاوەکو ئێستا هیچ یارییەکیان لە چامپیۆنزلیگدا نەدۆڕاندووە و ئەمشەویش نایانەوێت یەکەم سێ خاڵ لەدەستبدەن.
 
یارییەکە بۆ ئێرلینگ هالاند تایبەت دەبێت، لەکاتێکدا لە باشترین کاتەکانیدا رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە و رکابەری لەسەر بەرزکردنەوەی ژمارەی گۆڵەکانی دەکات، بەتایبەت کە لە سێ یاریی رابردوودا هێرشبەرە نەرویجییەکە 4 گۆڵی تۆمارکردووە.
 
هەردوو تیپ شەش جار بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە، لە دوای وەرزی 2021-2022 یەکەمجارە رووبەڕووی یەکدەبنەوە، یانە ئینگلیزییەکە سێ بردنەوەی بەرامبەر دۆرتموند هەیە، یارییەکی دۆڕاندووە و لە دوو یارییدا یەکسانبوون.
 
کلەب برووج - بارسێلۆنا
 
یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاریی دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا تۆماربکات، بۆ ئەوەی هیواکانی بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو بەهێز بکات.
 
بارسا لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی چامپیۆنزلیگدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی کلەب برووجی بەلجیکی یاری دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی بردنەوەی سێیەمە بۆ رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەند.
 
بلاوگرانا بەر لە چوونی بۆ بەلجیکا دوایین مەشقەکانی ئەنجامدا، تیپەکەی دوای ئەوەی لە لالیگادا لە ئێلچی بردەوە دەیەوێت تاقیکردنەوەیەکی دیکەی سەرکەوتوو بەڕێبکات، بۆ یارییەکە دانی ئۆلمۆ و لیڤاندۆڤسکی بەتەواوی ئامادەن، دوای ئەوەی لە یاریی رابردووی یانەکەدا بە یەدەگ بەشدارییان کرد.
 
کلەب برووج لە سێ یاریی رابردوودا دوو دۆڕان و بردنەوەیەکی هەیە، دەیەوێت سوود لە یاریگەی خۆی وەربگرێت بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی دووەم سەرکەوتن.
 
بارسێلۆنا چوار یاریی بەرامبەر کلەب برووج کردووە، سێ یاریی بردووەتەوە و لە یارییەکدا یەکسانبوون.
 
قەرەباخ - جێڵسی
 
پاڵەوانی جیهان دەچێتە ئازەربایجان و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە لە رکابەرییەکانی چامپیۆنزلیگدا تۆماربکات، کاتێک بەرامبەر یانەی قەرەباخ یاریی دەکات.
 
لە دەستپێکی یارییەکانی ئەمڕۆی چامپیۆنزلیگ، قەرەباخ لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی چێڵسی دەکات، یانە لەندەنییەکە دوو بردنەوە و دۆڕانێکی هەیە و خاوەنی شەش خاڵە، خاوەن یاریگە بەهەمان شێوە بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و خاوەنی دوو بردنەوە و دۆڕانێکە و هەمان ژمارەی خاڵیان هەیە.
 
بلۆز بە ورەیەکی بەرزەوە خۆی ئامادەکردووە، دوای ئەوەی لە دوایین یارییدا لە پرێمەرلیگدا دێربیی لەندەنی لە یانەی تۆتێنهام بردەوە.
 
لە وەرزی 2017-2018 چێڵسی دوو یاریی بەرامبەر قەرەباخ ئەنجامدا، لە یارییەکدا 6-0 یارییەکەی دیکەشی 4-0 لە رکابەرەکەی بردەوە و جگە لەو دوو یارییە هیچ یارییەکی دیکەیان بەرامبەر یەکدی نەکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە