رووداو دیجیتاڵ
بابا ڤانگا، ئەو ژنە نابینا بولگارییەی دەگوترێت، پێشتر پێشبینی کارەساتی چێرنۆبڵ و رووداوەکانی 11ـی سێپتێمبەری کردووە، پێشبینییەکی سەیری بۆ ساڵی 2025 کردووە و میدیاکان بە تیروپشکی مۆندیالی داهاتووەوەی دەبەستنەوە، کە ساڵی 2026 لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا ئەنجامدەدرێت.
سەرنجی میدیاکان بۆ سەر پێشبینییەکەی بابا ڤانگا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ کاژێر 20:00 بەکاتی باشووری کوردستان، تیروپشکی پاڵەوانێتییەکە لە واشنتن بەڕێوەدەچێت.
بابا ڤانگا پێشتر گوتویەتی، لە ساڵی 2025 و لە کاتی رووداوێکی گەورەی وەرزشیدا، پەیوەندی لەگەڵ بوونەوەرە ئاسمانییەکان دروستدەکرێت و شۆکێکی گەورە روودەدات.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ڤانگا پێشبینی کردووە لە ساڵی 2025 زەوی پەیوەندی لەگەڵ ژیانی دەرەوە یان 'بوونەوەرە ئاسمانییەکان' دروستدەکات، دەڵێت ئەم سیناریۆیەش لە کاتی "رووداوێکی گەورەی وەرزشی" روودەدات.
بابا پێشبینیکردووە، تەنێکی نەناسراو وەک 'رووناکییەکی نوێ لە ئاسمان'، لە سەرووی شوێنی رووداوە وەرزشییەکە دەردەکەوێت. هەرچەندە نیازی بوونەوەرە ئاسمانییەکان بە نادیاری دەمێنێتەوە، بەڵام ئەم دیدارە شۆکێکی گەورە بۆ مرۆڤایەتی و زانست دروستدەکات.
لەگەڵ ئەوەی زۆر رووداوی گەورەی وەرزشی لە ساڵی 2025 تێپەڕین و هیچ رووینەداوە و هیچ رووناکییەک لە ئاسمان و لە شوێنی بۆنە وەرزشییەکە نەبینراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی تیروپشکی مۆندیال، لەم مانگەدا دەبێتە پڕبینەرترین رووداوی تەلەڤزیۆنی لە جیهاندا، میدیاکان ئەم پێشبینییەی ڤانگایان بە رێوڕەسمەکەی ئەميۆ هەینی لە سەنتەری کێنێدی لە واشنتن بەستووەتەوە.
ڤانگا ئاماژەی بەوە نەکردووە بوونەوەرە ئاسمانییەکان، نیازیان چی دەبێت، بەڵام ئەگەر رووبدات، دەبێتە ساتێکی مێژوویی بۆ جیهان. مۆندیال بە پڕبینەرترین رووداوی وەرزشی دادەنرێت لە جیهاندا و بەپێی ئامارەکانی فیفا نزیکەی 1.5 ملیار کەس بینەری یاریی کۆتایی مۆندیالی 2022ـی نێوان ئەرجەنتین و فەرەنسا بوون.
بابا ڤانگا، ناوی تەواوی ڤانێلیا کاندێڤا دیمیترۆڤایە، لەدایکبووی 1911ی بولگاریایە. لە تەمەنی دوانزە ساڵیدا بەهۆی گەردەلوولێکی بەهێزەوە ونبووە و کاتێک دەدۆزرێتەوە، چاوەکانی پڕبوون لە خۆڵ و تۆز و بەهۆیەوە بینایی لەدەستداوە.
ڤانگا لە دوای ئەو رووداوەوە، بانگەشەی ئەوەی کردووە، توانای بینینی شتە شاراوەکان و پێشبینی داهاتووی هەیە و لە بەناوبانگترین ئەو رووداوانەی بەر لە روودانیان پێشبینیکردوون، کارەساتی ئەتۆمیی وێستگەی چێرنۆبڵ لە ئۆکراینا، رووداوی یانزەی سێپتێمبەر و مردنی شازادە دایانایە.
ڤانگا، ساڵی 1996 لە تەمەنی 85 ساڵیدا کۆچی دواییکردووە و بەر لە گیانلەدەستدانی پێشبینی یانزەی سێپتێمبەری کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ