رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری بارسێلۆنا بۆ هێنانەوەی جواو کانسێلۆ بۆ یانەکە، لەلایەن هانزی فلیکی راهێنەر پشتگیری لێکرا. ئەو راهێنەرە پێیوایە، بەرگریکەرە پۆرتوگالییەکە بەشی گەورەی کێشەکانی قووڵایی پێکهاتە و سیستمی بەرگریی تیپەکەی چارەسەر دەکات.
لە سەرەتادا فلیک بەدوای دڵێکی بەرگری دەگەڕا، بەڵام بەهۆی کەمیی بژاردەکان لە بازاڕی گواستنەوە و گرانیی نرخیان، بارسێلۆنا سەرنجی خۆی گۆڕی، توانای کانسێلۆ بۆ یاریکردن لە هەردوو باڵی راست و چەپی بەرگری، وای کرد ببێتە بژاردەیەکی گرنگ بۆ ستافی راهێنەرایەتی.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت رەزامەندییەکەی فلیک، ئەو گشتگیرییە تەکتیکییەیە کە کانسێلۆ پێشکەشی تیپەکەی دەکات، ئامادەبوونی ئەو رێگە بە ژوول کوندێ دەدات، هەندێکجار بگەڕێتەوە بۆ دڵی بەرگری کە لەوێشدا هەست بە ئاسوودەییەکی زیاتر دەکات، لە کاتێکدا کانسێلۆ دەتوانێت لە باڵی چەپدا یاری بکات. ئەم گشتگیرییە وەک کارێکی یەکلاکەرەوە دەبینرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بارسێلۆنا وەرزی رابردوو بەهۆی نەبوونی جێگرەوە بۆ بەرگریکارانی باڵ، دووچاری کێشەی زۆر بووەوە.
لە ماوەی وەرزی رابردوودا، زۆرجار بارسێلۆنا هیچ بژاردەیەکی جێگرەوەی لە بەرگریکاری باڵدا نەبوو، ئەمەش وایدەکرد یاریزانەکان ناچار بن لە شوێنی نائاسایی خۆیان یاری بکەن و پڕۆسەی یاریکردن بەنۆرە یاریزانانیشی سنووردارکردبوو. ئێستا گەڕانەوەی کانسێلۆ توانای ئەوە دەداتە فلیک کە خولەکەکانی یاریکردن باشتر بەڕێوە ببات، شوێنی پێکانەکان پڕ بکاتەوە و هاوسەنگی لە سەرانسەری هێڵی بەرگریدا بپارێزێت.
کانسێلۆ دوای ئەو ماوەیەی کە بە خواستن لە وەرزی 2023-2024 لە یانەکەدا بوو، پێشتر ئاشنایەتییەکی باشی لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە، لەو ماوەیەدا بوو بە یاریزانێکی سەرەکی و هەم لە رووی بەرگری و هەم لە رووی هێرشبەرییەوە رۆڵی هەبوو. ئاسوودەیی ئەو لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ تۆپ و پشتگیرییە هێرشبەرییەکانی لە باڵەکانەوە، لەگەڵ شێوازی یاریکردنی بارسێلۆنەدا دەگونجێت.
رێککەوتنەکە دوای ئەوە کرا کە باس لەوە دەکرێت کانسێلۆ، بە کەمکردنەوەی مووچەکەی رازی بووە، ئەمەش یارمەتی بارسێلۆنایدا گواستنەوەکە لە ناو سنوورە داراییەکانیدا تەواو بکات، ئەگەرچی لەوانەیە فلیک لە سەرەتادا دڵێکی بەرگری پێباشتر بووبێت، بەڵام لە کۆتاییدا کانسێلۆی وەک باشترین چارەسەری بەردەست بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکە پەسند کرد.
بە هەبوونی کانسێلۆ لە پێکهاتەکەدا، ئێستا بارسێلۆنا لە هەردوو بەرگریکاری باڵدا خاوەنی جێگرەوەی گونجاوە، ئەمەش چارەسەری یەکێک لە گەورەترین خاڵە لاوازەکانی وەرزی رابردووی تیپەکە دەکات و بژاردەی تەکتیکی زیاتر دەداتە فلیک بۆ داهاتوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ