رووداو دیجیتاڵ
محەممەد سەڵاح، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی میسر لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر سەنیگال، لە یاریی کۆتایی جامی ئەفریقادا دەڵێت " ئەمە یاریی ژیان و مردنە."
سەڵاح لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی " نازناوی چامپیۆنزلیگم لەگەڵ لیڤەرپوول بردووەتەوە، پرێمەرلیگم بەدەستهێناوە، نازناوی خولی سویسرام لەگەڵ بازل بردووەتەوە، بەڵام بردنەوەی نازناو لەگەڵ هەڵبژاردەی میسر بەهیچ شتێک پێناسە ناکرێت و زۆر خەونی پێوەدەبینم."
کاپتنی میسر زیاتر گوتی " پێشتر لە یاریی کۆتاییدا لە 2017 بەهۆی پێکانەوە دۆڕاین، بەڵام یارییەکەی بەرامبەر سەنیگال زۆر جیاوازە."
محەممەد سەڵاح بە رۆژنامەڤانانی گوت " کلیلی بردنەوەی یارییەکە، ئەو رۆحیەتەیە کە بەرامبەر کۆتدیڤوار، مەغریب و کامیرۆن پێشانماندا و یاریی بەرامبەر سەنیگال یاریی ژیان و مردنە."
ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت " یارییەکەی بەرامبەر سەنیگال بە عەقلیەتی پاڵەوان و ویستی بردنەوە دەکەین، پێویستە بە هزر و بیرێکی باشەوە یاریی بکەین، پێش ئەوەی بیر لەوەبکەینەوە کە لە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا جارێکی دیکە بەرامبەر سەنیگال یارییدەکەین."
محەممەد سەڵاح نهێنییەکی ئاشکرا کرد و گوتی " دوای یارییەکەی میسر و مەغریب بە نامە قسەی لەگەڵ سادیۆ مانێ کردووە و پێیگوتووە " زۆر شتێکی جوان دەبێت کە لە یاریی کۆتاییدا بەرامبەر یەکدی یاری بکەین."
لە کۆتایی قسەکانیدا کاپتنی هەڵبژاردەی میسر گوتی " داوا لە هاندەران و میدیا دەکەم پاڵپشتی هەڵبژاردەکە بکەن، دەبێت لەوە تێبگەن ئەمە پاڵپشتی هەڵبژاردەیە نەک پاڵپشتی ئەهلی و زەمالیک، دووپاتیدەکەمەوە کە هەڵبژاردەی میسر لەسەرووی هەمووانەوەیە."
لەلایەن خۆیەوە خالیدۆ کۆلیبالی، کاپتنی هەڵبژاردەی سەنیگال لەبارەی یارییەکە گوتی " هەڵبژاردەی میسر زۆر باش دەناسین، ئەوان تیپێکی زۆرباشیان هەیە و ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەکە، ئێمە بەرامبەر هەڵبژاردە گەورەکان سەرکەوتین و تەنیا میسر ماوە، لەکاتێکدا لە پاڵەوانێتی رابردوودا نازناوەکەمان لەدەستدا، بەرامبەر میسر هەموو شتێک دەکەین بۆ بردنەوەی نازناوەکە."
کۆلیبالی دەڵێت " یاریزانەکان بەرژەوەندی هەڵبژاردەی سەنیگالیان لە پێشەوەی هەموو شتێک دانەوە و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بردنەوەی نازناوەکە."
بەرگریکارەکەی یانەی ناپۆلی بە رۆژنامەڤانانی گوت " پێویستە رێگە نەدەین تۆپ بگاتە سەڵاح و هەلێکی بۆ رێبکەوێت، چونکە یاریزانێکی زۆر گەورەیە، من باش سەڵاح دەناسم و یاریی زۆرم بەرامبەریکردووە، دەبێت چڕیی ئەو لە یاریگەدا کەمبکەینەوە و رێگە نەدەین زۆر تۆپی بگاتێ، چونکە کاریگەریی لەسەر تیپەکە دەبێت، بەڵام ناکرێت تیپەکە بەگشتیش پشتگوێبخەین."
خالیدۆ لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی " ئەمە گرنگترین یاریی کاروانی منە، هێرشبەرانی میسر لە هەموو خولەکێکدا توانای تۆمارکردنی گۆڵیان هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ