رووداو دیجیتاڵ
جۆن ئۆیارتی، سەرۆکی یانەی ئاتلێتیک بیلباو، کۆمێنتی لەبارەی مشتومڕی ئێستای نێوان یانەی ریال مەدرید و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، لەبارەی ناوبژیوانانی لالیگاوەدا و روونیکردووەتەوە یانەکەی بەرامبەر ریال مەدرید، ناهەقیی بەرامبەر کراوە.
یانەی ریال مەدرید، لە دوای شکستی بەرامبەر ئیسپانیۆل، لە گەڕی 22ی لالیگا، هێرشی تووندی کردە سەر ناوبژیوانانی لالیگا و لە بڵاوکراوەیەکدا رەخنەی زۆری لە ناوبژیوانی یارییەکە گرت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، لای خۆیەوە، وەڵامی ریال مەدریدی دایەوە و گوتی، "ئەوە قبووڵکراو نییە و پێویستە هەموو لایەنەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن".
بەرلەوەی ریال مەدرید بەفەرمی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ناوبژیوانی یارییەکەی ئیسپانیۆل رابگەیێنێت، لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا رایگەیاندبوو، سزای راگرتنی تاوەکو کاتێکی نادیار، بەسەر هەریەکە لە مونیێز رویز، ناوبژیوانی سەرەکی و ئیگلیسیاس ڤیلانوێڤای ناوبژیوانی ڤار لە یارییەکەی ئیسپانیۆل و ریال مەدرید، سەپاندووە
جۆن ئۆیارتی، سەرۆکی یانەی ئاتلێتیک بیلباو، لەبارەی ئەو مشتومڕەوە کە ئێستا بەسەر کۆی دیمەنی گشتیی تۆپی پێی ئیسپانیادا زاڵبووە دەڵێ، "بەر لە دوو وەرز، بەرامبەر ریال مەدرید یارییمانکرد لە سانتیاگۆ بیرنابیۆ لە گەڕی کۆتایی خولدا، کارڤاخال بەتووندی لە یۆری پیریچیچی یاریزانی ئێمەیدا"
ئەو هەروەها دەڵێ، "ئەوەی کارڤاخال کردی بووە هۆی شکانی ئێسکی پیریچیچ، یارییەکەمان بەیاریزانێک کەمترەوە تەواوکرد، چونکە گۆڕانکاریمان نەمابوو، بەڵام لەو رووداوە گەورەیەدا، ناوبژیوانی تەنیا کارتێکی زەردی دایە کارڤاخال".
سەرۆکی بیلباو کە قسەی بۆ رۆژنامەی 'مارکا' کردووە، هەروەها دەڵێ، "ئێمە لەپێناو گەیشتن بەیۆرۆلیگ یارییمان دەکرد، نەمانتوانی بگەینە پاڵەوانێتییەکە، چونکە یارییەکە بەیەکسانبوون کۆتایی هات".
ئەو هەروەها دەڵێ، "هەموو یانەکان باسی ئەوە دەکەن کە ناهەقییان بەرامبەر دەکرێت، هەمووانیش سکاڵایان لەسەر ناوبژیوانان هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا هیچ روونادات، چونکە ئێمە دەزانین کە کاری ناوبژیوانیی چەندە ئاڵۆزە، ئەگەرچی بەهێنانی تەکنەلۆژیا، هەوڵدەدەن بارودۆخەکە باشتر بکەن".
لە گەرمەی مشتومڕەکەی رۆژانی رابردوودا، خاڤیێر تێباسی سەرۆکی دەستەی لالیگاش، بەهەمان شێوە هێرشی کردە سەر یانەی ریال مەدرید و گوتی، پێشتر دەمانویست گۆڕانکاری لە سیستمەکەدا بکەین، بەڵام تەنیا ریال مەدرید لە دژی گۆڕانکارییەکان وەستایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ