ریال مەدرید لەگەڵ ناوبژیوانانی لالیگادا دەیگەیەنێتە 'مریشکە رەشە'

06-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا دەستەی ناوبژیوانان یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید، بەنیازە هەنگاوی دیکە لە دژی دەستەی ناوبژیوانانی لالیگا بگرێتەبەر، بەتایبەت کە لیژنەکە تاوەکو ئێستا لەبارەی داوایەکی ئەو یانەیەوە، بێدەنگە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، دوای شکستی ریال مەدرید بەرامبەر ئیسپانیۆل لە گەڕی 22ی لالیگا، ئەو یانەیە ناڕەزایەتیی فەرمیی لەسەر ناوبژیوانی یارییەکە دەربڕی و سکاڵای فەرمی لە لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا تۆمارکرد، بەهۆی پێنەدانی کارتی سوور بە کارلۆس رۆمیرۆی یاریزانی ئیسپانیۆل، پاشئەوەی بەتووندی لە کیلیان ئێمباپێی یاریزانی ریال مەدریدیدا.
 
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا دوای یارییەکە ناوبژیوانی یارییەکەی بە "لایەنگیریی رکابەرەکانمان و دەستکاریکردنی ئەنجامی یارییەکان" تۆمەتبارکرد.
 
لای خۆیەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا وەڵامی ریال مەدریدی دایەوە و گوتی، "ئەوە قبووڵکراو نییە و پێویستە هەموو لایەنەکان بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن".
 
بەرلەوەی ریال مەدرید بەفەرمی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ناوبژیوانی یارییەکەی ئیسپانیۆل رابگەیێنێت، لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا رایگەیاندبوو، سزای راگرتنی تاوەکو کاتێکی نادیار، بەسەر هەریەکە لە مونیێز رویز، ناوبژیوانی سەرەکی و ئیگلیسیاس ڤیلانوێڤای ناوبژیوانی ڤار لە یارییەکەی ئیسپانیۆل و ریال مەدرید، سەپاندووە.
 
ریال مەدرید پاش بەردەوامبوونی مشتومڕەکە بۆ چەند رۆژێک و دوای ئەوەی وەڵامی لەلایەن دەستەی ناوبژیوانانی لالیگاوە پێنەگەیشت، بەنیازە پەنا بباتە بەر دادگا.
 
ریال مەدرید لە سکاڵاکەی پێشوویدا بۆ لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا، داوای تۆمارە دەنگییەکانی گفتوگۆی نێوان ناوبژیوانی یارییەکە و ناوبژیوانی ڤاری کردبووەوە، تاوەکو بۆی روون ببێتەوە چی روویداوە و بۆچی یاریزانەکەی ئیسپانیۆل کارتی سووری نەدراوەتێ؟ بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو داوایەی وەڵام نەدراوەتەوە.
 
میدیای ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ریال مەدرید بڕیاریداوە دۆخەکە لەگەڵ دەستەی ناوبژیواناندا بگەیەنێتە مریشەکە رەشە، ئەویش بەتۆمارکردنی سکاڵا لە دادگاکان لەسەر لیژنەی ناوبژیوانان.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، یانەی شاهانە بڕیاریداوە لە دادگا سکاڵا لەسەر دەستەی ناوبژیوانان تۆماربکات، تاوەکو ناچاریان بکات بەپێی یاسا، تۆمارە دەنگییەکانی نێوان ناوبژیوانانی یارییەکە بەدەست بهێنێت.
 
لە هەنگاوێکی دیکەدا، بەئاراستەی زیاتر بەرەوسەربردنی کێشەکەی لەگەڵ دەستەی ناوبژیوانان، ریال مەدرید بڕیاریداوە بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ناوبژیوانانی لالیگا و یانەکانی لالیگا بکات.
 
میدیاکان دەڵێن، ئەوەی ئێستا لە نێوان ریال مەدرید و لیژنەی ناوبژیواناندا روودەدات، پێشتر هەرگیز رووینەداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە