سوپەر ئێمباپێ دەردەکەوێت

06-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ، پاریس سانجێرمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی یانەی پاریس سانجێرمان ئەو کاتە دیاریدەکات کە باشترین ڤێرژنی کیلیان ئێمباپێی تێدا دەردەکەوێت.
 
ئێمباپێ لە یاری یانەکەی بەرامبەر نانت لە خولی فەرەنسا، بووە گۆڵکاری مێژوویی یانەکە، پاشئەوەی کۆی گۆڵەکانی لەگەڵ یانە پاریسییەکە گەیاندە 201 گۆڵ و بەوەش ئەدینسۆن کاڤانی، گۆڵکەری پێشووی یانەکە کەوت کە 200 گۆڵی بۆ سانجێرمان تۆمارکردبوو لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا.
 
لویس کامپۆس، بەڕێوەبەری وەرزشیی پاریس سانجێرمان، دەڵێ، چاوەڕێ بن، سوپەر ئێمباپێ، دەردەکەوێت.
 
کیلیان کە ماوەی شەش ساڵە یاری بۆ سانجێرمان دەکات، لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا 201 گۆڵی بۆ یانەکەی تۆمارکردووە. سانجێرمان لە ئاهەنگێکی تایبەتدا لە نێو یاریگە باخچەی میرەکان، رێزلێنانی تایبەتی بۆ کیلیان بەو بۆنەیەوە ئەنجامدا.
 
کامپۆس کە پێشتریش لە یانەی مۆناکۆ لەگەڵ ئێمباپێ کاریکردووە، لەبارەی باشترین دەرکەوتنی ئەوەوە، قسەی بۆ میدیای فەرەنسی کردووە، ئەو دەڵێ، "من بەبەردەوامی دەماری ئێمباپێ دەگرم و هانیدەدەم بۆ باشتر، پێموایە تاوەکو ئێستا باشترین ڤێرژنی ئێمباپێمان نەبینیووە، دڵنیام دەتوانێ باشتر دەربکەوێت و کاریگەرتر بێت".
 
ئەو بەرپرسەی پاریس دەڵێ، "پێموایە باشترین ئاستی ئێمباپێ لە یاریگەدا ئەوکات دەردەکەوێت کە ئەو تەمەنی دەبێت بە بیست و پێنج یان بیست و شەش ساڵ، ئەوکات باشترین ئاستی خۆی پێشاندەدات، بەڵام بۆ ئەوەی ئەوە بکات، پێویستە لەسەری بەهەمان ریتم کار لەسەر پەرەپێدانی تواناکانی خۆی بکات و هەوڵی زیاتر بدات لەوەی تاوەکو ئێستا کردوویەتی".
 
کیلیان لەگەڵ هاوڕێکانی لە سانجێرمان، ئەمساڵ لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاری گەورەدان، بەتایبەت کە یانەکە لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگدا، یاری گەڕانەوە بەرامبەر بایرن میونشنی ئەڵمانی ئەنجامدەدات، پاشئەوەی یاری چوونە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا.
 
ئێمباپێ تاوەکو ئێستا، دووەم گۆڵکەری ئەمساڵی چامپیۆنزلیگە لە دوای محەممەد سەڵاحی میسرییەوە کە حەوت گۆڵی تۆمارکردووە و کیلیان شەش گۆڵی تۆمارکردووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە