پەیامی ئێمباپێ دوای ماڵئاواییکردنیان لە چامپیۆنزلیگ

08-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ پاریس سانجێرمان چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان دڵتەنگیی خۆی بەرامبەر ماڵئاواییکردنی یانەکەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادا پێشاندا و دەڵێت "لەرووی بەرگری و هێرشبەرییەوە سەرکەوتوو نەبووین."

ئێمباپێ دوای دۆڕانیان بەرامبەر یانەی بۆرووسیا دۆرتموند و کرانە دەرەوەیان لە چامپیۆنزلیگدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "هەستێکی زۆرناخۆشە، چونکە یاریزانەکان هەوڵیاندا ئەوەی لە توانایاندایە بیکەن، بەباشی کارمانکرد و ماندووبووین، هەموو شتێکمان کرد بۆ ئەوەی ئەنجامەکە پێچەوانە بکەینەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین، ئێمە لە رووی بەرگری و هێرشبەرییەوە لە باشترین دۆخی خۆماندا نەبووین."
 
ئێمباپێ دەڵێت "لە یارییە یەکلاکەرەوەکانی چامپیۆنزلیگدا، پێویستە لە بەرگری و هێرشبەریدا سەرکەوتوو بیت، ئەگەرنا ئەستەمە هەلی گەیشتنت بە قۆناخی داهاتوو هەبێت، بەتایبەت کاتێک قۆناخی داهاتوو، یاریی کۆتاییە، پێویستە کارەکە لەسەر ئەو بونیادبنێین و دڵنیام وادەبێت."
 
کیلیان دیسان دڵتەنگیی خۆی دووپاتکردەوە و گوتی "ئێمە دەرکراین، بەدڵنیاییەوە دڵتەنگین، دڵتەنگین چونکە دوورخراینەوە و نەمانتوانی بگەینە یاری کۆتایی، وەکو ئەوەی گوتم، هێشتا یاریی کۆتایی جامی فەرەنسامان لەبەردەمە، ئەوە ئامانجێکی گرنگە بۆ یانەکە و هەموو یاریزانەکان، بەردەوامدەبین لە کارکردن بۆ بردنەوەی یاریی کۆتایی و بەدەستهێنانی نازناوێکی دیکە."
 
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان و یاریزانانی دیکەی یانەکە لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەدا نەیانتوانی گۆڵ تۆماربکەن، لە یاریی چوون و گەڕانەوەدا، بۆرووسیا دۆرتموند سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لە یاریی چووندا 1-0 و لە یاریی گەڕانەوەشدا هەمان ئەنجامی لە پاریس دووبارەکردەوە و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، کاروانی پاریس سانجێرمانیش لە پاڵەوانێتییەکەدا کۆتاییهات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە