یانەیەکی نوێی وەرزشی لە شەقڵاوە دادەمەزرێت

06-03-2023
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن یانەی هێما
A+ A-
رووداو هەولێر

هێما ناوی ئەوە یانە وەرزشی و رۆشنبیرییە نوێیەیە کە لە لایەن کەسایەتییەکی شارۆچکەی شەقڵاوە دادەمەزرێت و بڕیارە چالاکییەکانی لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوە فراوان بکات.
 
فەرهاد کاکۆ، دامەزرێنەری یانەی هێما، لە لێدوانێكی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "لەسەر داوای ژمارەیەکی زۆری گەنجان و خۆشەویستانمان لە شەقڵاوە و لەپێناو زیاتر خزمەتکردنیان لەگەڵ چەند خەمخۆرێکی سنوورەکە یانەیەک بەناوی یانەی وەرزشی و رۆشنبیری هێما دادەمەرزێنین". 
 
ئێستا کارەکانی کارگێڕیی یانەی هێما لە قۆناخی کۆتاییدایە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشێوەیەکی فەرمی مۆڵەت وەربگرێت دەرگای یانەکە لەسەر وەرزشوانان و هەوادارانی وەرزشی سنووری شەقڵاوە لە رێوڕەسمێکی گەورەدا بکرێتەوە. 
 
کاکۆ زیاتر گوتی "هەستمکرد خەمساردییەک و کەموکوڕیی هەیە لە وەرزشی ئەو ناوچەیە و منیش دەمەوێت وەک خەمخۆرێک حەزەکانی وەرزشوانان و خەڵکی ئەو سنوورە پڕ بکەمەوە، چالاکییەکانمان تەنیا بۆ پیاوان نابێت و بایەخێکی زۆریش بە ئافرەتان دەدەین، هەروەها دەرگای یانەکەمان بەبێ جیاوازی بۆ هەموو یارییە وەرزشییەکان دەکەینەوە و پێشوازی لە بەهرەمەند و یاریزانی باش دەکەین، دەمەوێت بەشێوەیەکی پڕۆفشناڵ و ئەکادیمی لە گۆڕەپانی وەرزشی کوردستان و عێراق دەرکەوین". 
 
کردنەوەی ئەکادیمیای یارییەکان و کارکردن لەگەڵ یانەکانی دەرەوەی کوردستان پلانێکی گەورەی یانە نوێیەکەی شەقڵاوەیە. 
 
دامەزرێنەری یانەی هێما کارکردن و هەماهەنگی یانەکەیان لەگەڵ یانەیەکی ئەوروپی روونیکردەوە "خەون و پلانم ئەوەیە کە تیپەکانمان تەنیا لە کوردستان بەشداری خول و پاڵەوانێتییەکان نەکەن، بەڵکو بەشداری خولەکانی عێراقیش لەسەر ئاستی کوڕان و کچان دەکەین، هەروەها لەگەڵ یانەیەکی گەورەی ئەوروپا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی ئەکادیمیایەکی گەورەی منداڵان لە یانەکەمان بەسەرپەرشتی راهێنەرەکانیان بکاتەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە