ئایا یاریی میسر و سەنیگال دووبارە دەکرێتەوە؟

06-04-2022
ئیحسان تاهیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لیژنەی رێکاری سەر بە یەکێتیی تۆپی پێی نیودەوڵەتی، بڕیاریدا رۆژی 21ـی ئەم مانگە سەیری سکاڵای یەکێتییەکانی تۆپی پێی چوار وڵاتی ئەفریقا بکات، کە سەبارەت بە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی قەتەر تۆماریان کردوون.
 
سەرچاوەیەک لە یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا ئاشکرایکرد، فیفا پێیڕاگەیاندوون کە لە 21ـی ئەم مانگەدا سەیری 4 سکاڵا دەکات، کە پێشکێشیکراون و بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت.
 
یەکەمیان سکاڵایەکی میسرە کە داوای دووبارەکردنەوەی یارییەکەی لەگەڵ سەنیگال دەکات، دووەمیشیان سکاڵایەکی جەزائیرە کە ئەویش داوادەکات یارییەکەی بەرامبەر کامیرۆن دووبارە بکرێتەوە، سکاڵای سێیەمیش لەلایەن مەغریبەوە پێشکێشکراوە، بە پاساوی ئەوەی لە کۆنگۆ بە خراپی مامەڵە لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەکەیان کراوە، سەرەڕای ئەوەی مەغریب بە کۆی ئەنجامی هەردوو یارییدا گەیشتە مۆندیال، هەروەها چوارەم سکاڵاش تایبەتە بە رووداوەکانی توندوتیژی یاریی نێوان غانا و نایجیریا.
 
لە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی ئەفریقا بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر، هەریەک لە هەڵبژاردەکانی سەنیگال، مەغریب، تونس، کامیرۆن و غانا توانیان بلیتی گەیشتن بە مۆندیال بەدەستبێنن، بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی میسر دواتر رایگەیاند کە دۆڕانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە بەرامبەر سەنیگال، بەهۆی ئەوە بووە کە هاندەرانی سەنیگال لە کاتی جێبەجێکردنی لێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا، تیشکی لیزەریان گرتووەتە نێوچاوی یاریزانانی میسر.
 
یەکێتیی تۆپی پێی جەزائیریش پێیوایە ناوبژیوانی یارییەکەیان لەگەڵ کامیرۆن، کە لە دوایین خولەکی نیوەی زیادکراوی دووەمدا دۆڕان، چەندین هەڵەی کردووە و بەهۆیەوە دۆڕاون.
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە فیفا تیروپشکی یارییەکانی مۆندیالی راکێشاوە و تازە زەحمەتە ئەو دوو یارییە بۆ میسر و جەزائیر دووبارە بکاتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە