رووداو دیجیتاڵ
میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ دڵخۆشیی خۆی بۆ سەرکەوتنی یانەکەی بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەربڕی و دەڵێت"ناتوانم لەمە زیاتر دڵخۆشبم و شانازی بە تیپەکەمەوە دەکەم".
ئارتێتا دوای بردنەوەیان لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بە گۆڵێکی بێبەرامبەر و گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "شەوێکی بڕواپێنەکراو بوو، بەیەکەوە مێژوومان دروستکردەوە، ناتوانم لەمە زیاتر دڵخۆشبم و هەست بە شانازییەکی گەورە دەکەم بە هەموو ئەو کەسانەی لەم یانەیەدا بەشدارن".
راهێنەری ئارسیناڵ بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئەو شێوازی پێشوازییکردنەی لە دەرەوەی یاریگا لێمان کرا تایبەت و بێوێنە بوو. ئەو کەشوهەوایەی هاندەرانمان دروستیانکرد، ئەو وزەیەی پێیان بەخشین، ئەو شێوازی هاندانەی لەگەڵ هەر تۆپێک بۆ یانەکەیان دەکرد، وایکرد شەوەکە تایبەت و دەگمەن بێت. هەرگیز هەستم بە شتێکی وا نەکردبوو لە یاریگادا. دەمانزانی ئەمە چەندە بۆ هەمووان گرنگە، هەموو هەوڵێکی خۆماندا، کوڕەکان کارێکی نایابیان ئەنجامدا و دوای 20 ساڵ و بۆ جاری دووەم لە مێژووماندا، گەڕاینەوە بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ".
ئارتێتا دەڵێت "ئەو ئەرکەمان جێبەجێکرد و پێویستە پارێزگاری لێ بکەین، بەڵام ئێستا دەچینە ئاستێکەوە کە پێموایە بۆ یانەیەکی گەورە کە بیەوێت بەردەوام رکابەری لەسەر نازناوەکان بکات، پێویستییەکی هەمیشەییە، ئێستا ئەوەمان بەدەستهێناوە و پێویستە بەردەوامبین لەسەری".
راهێنەری گانەرز ستایشی ئاستی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات و گوتی "دەزانین هەموو رکابەرێک لەم ئاستەدا زۆر زەحمەت و پڕ ئاڵنگارییە، ئاتلێتیکۆ مەدرید تیپێکی بڕوانەکراوە، ئەوان شێوازێکی بەهێزی رکابەریکردنیان هەیە، ئەو چارەسەرانەی هەیانە، ئەو وەڵامانەی بۆ هەر شتێک هەیانە کە هەوڵی بۆ دەدەن بەرامبەر رکابەرەکانیان سەرسوڕهێنەرە. هۆکاری ئەوەی کە گەیشتوونەتە ئێرە ئەوەیە کە کارێکی نایابیان کردووە، جیاوازییەکان زۆر کەمن، لە یارییەکەدا بەختەکە بۆ ئێمە بوو".
راهێنەرە ئیسپانییەکە دەڵێت "دوای گەیشتنمان بە یاریی کۆتایی، دەستبەجێ بیرم چووە لای هاوژینەکەم، منداڵەکانم، هاوڕێکانم، خوشکەکەم و هەموو ئەو کەسانەی لەم یانەیەدا کاردەکەن، چونکە دەستبەجێ دەزانم هەستی ئەوان چییە. دەتوانیت بیر بکەیتەوە و بڵێیت ئەمە دەبێتە شەوێکی جوان، بەڵام کاتێک سەیری چاوی کەسێک دەکەی و ئەو دەربڕینە دەبینیت، سەیری هاندەران دەکەی و دەبینیت پێی دڵخۆش و سەربەرزن، ئەوە ئەو کاتەیە کە کارەکەی ئێمە ئەوەی دروستکردووە، چونکە زۆرجار سەختە هۆکارێکی راستەقینە بدۆزیتەوە کە بۆچی ئەم کارە دەکەین، بەڵام کە کارێکی لەمشێوەیە دەکەیت ئەوا هەموو ئەو کارانەی دەیکەین بەهادار دەبن".
لەبارەی ئەوەی مانچێستەر سیتی یەکسانبوو و ئارسیناڵ گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئارتێتا گوتی "ئەمە نایابە، هەمووان دەتوانن هەست بە گۆڕانکاری لە وزە و بڕوابەخۆبوون و هەموو شتێکدا بکەن، با بەشێوەیەکی دروست ئەوە بەکاربهێنین، بەو تێگەیشتنەی کە جیاوازییەکان و زەحمەتیی ئەو شتەی هەوڵی بۆ دەدەین زۆر گەورەن، بەڵام ئێمە توانا و بڕوایەکی تەواومان هەیە بۆ ئەنجامدانی، ئەوە شتێکە کە لێی دڵنیام".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ