چەند پەیامێکی بەپەلە لە ئەلۆنسۆوە بۆ هەمووان

06-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ مۆندیالی یانەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دەڵێت "هیوادارم لە خۆبایی نەبین و پێویستە هەر چی زووە خۆمان بۆ بەرامبەر پاریس سانجێرمان ئامادەبکەین."
 
دوای بردنەوەیان لە یانەی بۆرووسیا دۆرتموند و گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکان، چابی ئەلۆنسۆ گوتی "ئێستا ئێمە لە قۆناخی پێش کۆتاییداین. دڵخۆشین و هیوادارم ئەمە یارمەتیمان بدات کە لەخۆبایی نەبین، واز لە یاریکردن بەو هەماهەنگی و ئامادەییە لە هەموو خولەکێکدا نەهێنین، تەنانەت دوای هەلی لێدانی سزاکەش لە خولەکی 31دا، نەماندەتوانی لەوە باشتر بکەین. بەڵام بە گشتی لە یارییەکە رازیم. پێم وایە یارییەکی زۆر جدیمان کرد، تەواو وەک یارییەکی قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەک. ئێستاش هەوڵ دەدەین شتێکی ئەرێنی لێ وەربگرین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا، ئەگەر کەوتینە هەمان دۆخەوە، جارێکی دیکە تووشمان نەبێتەوە."
 
ئەلۆنسۆ زیاتر گوتی "یارییەکی نایاب بوو. پێم وایە ئەمڕۆ رووبەڕووی رکابەرێکی چامپیۆنزلیگ بووینەوە کە دەگاتە قۆناخە بەرزەکان و رووبەڕووی پاڵەوانی ئێستای چامپیۆنزلیگ دەبینەوە کە لەم چەند مانگەی دواییدا زنجیرەیەک ئەنجامی زۆر ئەرێنیی تۆمار کردووە. ئەمە دەبێتە هەنگاوی داهاتوو، ئاستی داهاتوو کە دەبێت رووبەڕووی ببینەوە لەم پڕۆژە نوێیەدا، لەم قۆناخە نوێیەدا کە دەستمان پێ کردووە و تێیدا گەشە دەکەین. ئێستا خۆمان ئامادە دەکەین بۆ یاریی بەرامبەر پاریس."
 
راهێنەری ریال مەدرید دەڵێت "ئەگەر سەیری نیوەی یەکەمی یارییەکە بکەن، بەراورد بە نیوەی یەکەمی یارییەکەمان بەرامبەر هیلال لەم یارییەدا زۆر باشتربووین و پێویستە لەسەر ئەوە بەردەوامبین و گەشەی زیاتر بکەین."
 
لەبارەی کیلیان ئێمباپێ پرسیار لە ئەلۆنسۆ کرا، ئەو لە وەڵامدا گوتی "ئەو لە بارودۆخێکی باشدایە، بەڵام تاوەکو ئێستا 100٪ ئامادەنییە و لە باشترین کاتی خۆیدا نییە، هێشتا نەگەیشتووەتە ئامادەیی تەواوەتی کە ئێمە دەمانەوێت."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا ئێمباپێ بەرامبەر پاریس سانجێرمان بە سەرەکی یاری دەکات؟ چابی ئەلۆنسۆ گوتی "هەرگیز بیرم لەوە نەکردووەتە، دواتر بیر لەوە دەکەینەوە و کاری لەسەر دەکەین."
 
ئەلۆنسۆ ستایشی ئاستبەرزیی فران گارسیا دەکات و دەڵێت "ئەو گۆڵەی ئەو لە یارییەکەدا کردی، رۆڵی گریماڵدۆی بەبیر هێنامەوە کاتێک لە بایرلیڤەرکوزن بووم."
 
راهێنەری یانەی ریال مەدرید دووپاتیدەکاتەوە یاریی داهاتوویان زەحمەت دەبێت و گوتی "پێویستە هەرچی زووە ئامادەکارییەکانمان بۆ یاریی بەرامبەر پاریس سانجێرمان دەستپێبکەین، یارییەکە یارییەکی نایاب و زەحمەت دەبێت و پێویستە بەباشی ئامادەبین."
 
پرسیارێک لە ئەلۆنسۆ کرا، بیر لە بردنەوەی نازناوەکە دەکەنەوە؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "ئێمە تەنیا بیر لە یاریی پاریس سانجێرمان دەکەینەوە، ئەوە هەموو شتێکە."
 
رۆژی چوارشەممە لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکاندا، یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی پاریس سانجێرمان یاری دەکات و کیلیان ئێمباپێ رووبەڕووی یانەی پێشووی دەبێتەوە، لەو یارییەدا کە کاژێر 22:00 بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە