چابی ئەلۆنسۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دوای ئەنجامدانی یەکەم یاریی وەکو راهێنەری یانەکە و یەکسانبوونیان بەرامبەر یانەی هیلال گوتی "یارییەکی زەحمەتبوو و پێویستە کار لەسەر خاڵە نەرێنییەکان بکەین بۆ ئەوەی لێیانەوە فێربین". گوتیشی "پێویستیمان بە کاتە".
ریال مەدرید لە یەکەم یارییدا لە مۆندیالی یانەکاندا 1-1 لەگەڵ یانەی هیلالی سعودی یەکسانبوو، لە دوای یارییەکە چابی ئەلۆنسۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت "ئەوان زۆر بەرگرییان کرد، بۆ ئێمە یارییەکی سەخت بوو، چەندین هەلمان هەبوو، چەند تۆپێکی پێچەوانە، لێدانمان لە ستوونی گۆڵ و لێدانی سزامان هەبوو. جا، دیارە ئەمە پرۆسەیەکە و بەردەوامە."
راهێنەری یانە ئیسپانییەکە دەڵێت "هەموو شتێک کاتی دەوێت، نیوەی یەکەم ئەوەندە باش نەبووین، بەڵام نیوەی دووەم باشتر بووین، پێویستە خاڵە ئەرێنییەکان وەربگرین و سەیری خاڵە نەرێنییەکانیش بکەین بۆ ئەوەی لێیانەوە فێر بین."
لەبارەی ئەوەی پلەی گەرما بەرزبووە و کاریگەریی لەسەر یاریزانانی یانەکە هەبووە، ئەلۆنسۆ گوتی "هیچ بیانوویەک نییە، بەڵام کەشوهەوا زۆر گەرم بوو و یارییەکی سەخت بوو بۆ ئەوەی بگەینە ڕیتمی خۆمان، ئەمەش هۆکارێک بوو. بۆ نموونە، راول ئاسێنسیۆ، ئەنتی بایۆتیکی بەکاردەهێنا و لە گێمی یەکەمدا زۆر ناڕەحەت بوو، بۆیە ناچاربووین بیگۆڕین. یاریزانمان هەبوون کە کاتێکی سەختیان بەڕێکرد، ڤینیش لە خولەکی 70دا تووشی گرژبوونی ماسولکە بوو. بارودۆخەکە قورس بوو، لە کۆتاییدا ئەوان زۆر ماندوو بوون، بەڵام ئێمە بە وزەیەکی کەمێک زیاترەوە یارییەکەمان تەواو کرد."
راهێنەری ریال مەدرید وەڵامی پرسیارێکی لەبارەی گەڕانەوەی کیلیان ئێمباپێ بۆ یاریی داهاتوو دایەوە و بە رۆژنامەڤانانی گوت "کیلیان ئێمباپێ چاک دەبێتەوە، بەڵام لە دوو رۆژی رابردوودا باش نەبوو، بەدەست هەوکردنی ڤایرۆسی سەختەوە دەناڵێنێت، بۆیە دەبێت بزانین رۆژ بە رۆژ چۆن باشتر دەبێت."
ریال مەدرید لە دووەم یارییدا لە مۆندیالی یانەکاندا، شەوی یەکشەممە کاژێر 22:00 بەرامبەر یانەی پاچوکای مەکسیکی یاری دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ