فەرمی.. ئارسیناڵ گرێبەستە سەرنجڕاکێشەکەی راگەیاند

06-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مارتن زوبیمێندی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی بەشێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی مارتن زوبیمێندی، ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ریال سۆسیدادی بۆ یانەکەی راگەیاند.
 
ئارسیناڵ لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "خۆشحاڵین کە رایدەگەیێنێن مارتن زوبیمێندی، یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا، بە گرێبەستێکی درێژخایەن پەیوەندیمان پێوە دەکات.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان تێچووی گرێبەستی یاریزانەکە 65 ملیۆن یۆرۆیە و زوبیمێندی بەدرێسی ئارسیناڵەوە ژمارە 36 دەپۆشێت و گرێبەستەکەی بۆ پێنج ساڵ دەبێت.
 
دوای پەیوەندیکردنی بە یانەکەوە مارتن زوبیمێندی بە ماڵپەری یانەی ئارسیناڵی گوت " ئەمە ساتێکی گەورەیە لە ژیانی وەرزشی مندا، ئەمە ئەو هەنگاوەیە کە من بەدوایدا دەگەڕام و یەکێکە لەوانەی کە دەمویست بیکەم، هەر کە قاچت خستە ئێرەوە، تێدەگەیت ئەم یانەیە و ئەم تیپە چەند گەورەن."
 
یاریزانە نوێیەکەی یانە لەندەنییەکە زیاتر قسەیکردووە و دەڵێت "شێوازی یارییکردنی ئارسیناڵ بۆ من گونجاوە، بۆیە دەمویست بێمە ئێرە، یانەکە لە ماوەی رابردوودا توانای خۆی پێشانداوە و هێشتا باشترینیش لە ئارادایە."
 
ئاندریا بێرتا، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی ئارسیناڵ لەبارەی گواستنەوەی یاریزانەکەوە دەڵێت "ئێمە زۆر دڵخۆشین بە هێنانی مارتن بۆ ئارسیناڵ و شانازییەکی زۆرمان هەیە بە کۆتایی هێنان بەم گواستنەوەیە، مارتن ئامانجێکی سەرەکی بوو بۆ ئێمە و هەموومان دەزانین کە ئەو یاریزانێکی تەواو گونجاوە بۆ پێکهاتەکەمان بەو کوالێتییە بەرزەی کە هەیەتی."
 
ئارسیناڵ لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیدا نووسیوویەتی "هەمووان لە ئارسیناڵ بەخێرهاتنی مارتن دەکەن بۆ یانەکە."


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە