ملیاردێرێک هەڕەشە لە سەرۆکایەتییەکی فلۆرێنتینۆ پێرێز دەکات

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

ئینریکی ریکێلمێ، بازرگانی ناسراوی بواری وزە، بە فەرمی نیازی خۆی بۆ رکابەریکردنی فلۆرێنتینۆ پێرێز لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ریال مەدرید دەربڕیوە.
 
بەپێی میدیای ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید لە کۆبوونەوە رۆژنامەڤانییە لەناکاوەکەی ئاماژەی بە هەبوونی رکابەرێکی بەهێز کرد و گوتی "بازرگانێک لە کەرتی وزەدا کاردەکات، پێدەچێت بیەوێت خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان بەربژێر بکات". مەبەستی پێرێز لەو قسانە ئینریکی ریکێلمێ بوو، کە بەڕێوبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (کۆکس گرووپ)ـە و لە بواری ئاو و وزەدا کاردەکات.
 
ریکێلمێ هەموو مەرجە یاساییەکانی بۆ بوون بە بەربژێری سەرۆکایەتی تێدایە، چونکە وڵاتینامە ئیسپانیای هەیە، تەمەنی یاسایی تەواو کردووە و هیچ پۆستێکی لە یانەیەکی دیکەدا نییە. گرنگترین خاڵیش ئەوەیە توانای دابینکردنی گەرەنتی بانکیی هەیە کە رێژەی %15ـی بودجەی گشتیی یانەکە پێکدەهێنێت.
 
ئەم بازرگانە دەیەوێت چاکسازیی گەورە لە یانەکەدا بکات و سیستمێکی مۆدێرن پەیڕەو بکات، هەروەها باس لەوە دەکرێت پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کۆمەڵێک ئەفسانەی ریال مەدرید هەیە کە دژی سیاسەتەکانی پێرێزن، ئەمەش پێگەی ئەو لە هەڵبژاردنەکاندا بەهێزتر دەکات.
 
پێشتر لە ساڵی 2021 ریکێلمێ بیری لەوە کردەوە رکابەریی پێرێز بکات، بەڵام لەوکاتەدا بڕیاری پاشەکشەیدا. فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ ماوەیەکی درێژ بێ رکابەر سەرۆکایەتی یانەکەی کردووە و توانیویەتی 37 نازناوی تۆپی پێ لە نێویاندا حەوت چامپیۆنزلیگ و حەوت لالیگا و 29 نازناوی باسکە بۆ یانەکە بەدەستبهێنێت، کە بەمەش بووەتە سەرکەوتووترین سەرۆک لە مێژووی یانەکە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە