ئەنچێلۆتی: تەنیا من بڕیار لە بانگهێشتکردنی نەیمار دەدەم

48 خولەک له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن مۆندیالی 2026 هەڵبژاردەی بەرازیل نەیمار دا سێلڤا کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل، رۆژی دووشەممەی داهاتوو لیستی کۆتایی هەڵبژاردەکەی بۆ مۆندیال رادەگەیەنێت، هێشتا مشتومڕ لەسەر بەشداریکردن یان نەکردنی نەیمار داسێلڤا لە مۆندیال بەردەوامە.
 
نەیمار گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی بەرازیلە بە 79 گۆڵ، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشداریکردنی لە مۆندیالی ئەمساڵ یەکلایی نەکراوەتەوە، پاشئەوەی لە ماوەی رابردوودا دووچاری زنجیرەیەک پێکانی یەک لە دوای یەک بوو.
 
ئەنچێلۆتی رووبەڕووی هاوکێشەیەکی ئاڵۆز بووەتەوە لە بەهای هونەریی و سۆزی بەرازیلییەکان بۆ ئەو یاریزانە، لەگەڵ داواکارییەکانی ئامادەیی لە رووی توانای جەستەییەوە، کە پلانەکەی پشت بەتوانای یارییکردنی تەواو و ئامادەیی تەواو دەبەستێت.
 
ئەنچێلۆتی کە دوو رۆژ لەمەوپێش لیستی 55 یاریزانی بۆ مۆندیال راگەیاندووە، ناوی نەیماریشی تێدایە، بەڵام ئەو راهێنەرە دەبێ لیستەکەی بۆ 26 یاریزان کەمبکاتەوە کە لەگەڵ خۆیدا دەیانباتە مۆندیال.
 
هاوینی ئەمساڵ، ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی مۆندیالی 2026 دەکەن و ئەمە یەکەم وەشانی پاڵەوانێتییەکەیە بەبەشداریی 48 هەڵبژاردە.
 
ئەنچێلۆتی لە نوێترین چاوپێکەوتندا دەڵێ، "کاتێک ناچاریت هەڵبژێریت، دەبێ زۆر شت لەبەرچاو بگریت".
 
ئەو دەڵێ، "نەیمار یاریزانێکی بەهرەمەندی گرنگە بۆ وڵاتەکە، بەڵام بەهۆی پێکانەوە دووچاری کێشە بوو و ئێستا لێبڕاوانە کاردەکات بۆ چاکبوونەوە. لەماوەی رابردوودا زۆر باشتر بووە، بەبەردەوامی یارییدەکات. روونە کە بڕیاردان بۆ من ئاسان نییە، دەبێ بەوردی هاوسەنگی بکەین لەنێوان خاڵە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکاندا".
 
ئەنچێلۆتی بەرەبەیانی ئەمڕۆ قسەی بۆ میدیاکان کردووە و باسی ئاڵنگارییەکانی بەردەم خۆی و هەڵبژاردەی بەرازیلی کردووە.
 
ئەو دەڵێ، "زۆرباش ئاگادارم کە هەمووان نەیماریان خۆشدەوێت، نەک تەنیا هاندەران، بەڵکو یاریزانانیش ئەویان خۆشدەوێت".
 
کارلیتۆ یەکەم راهێنەرە نازناوی پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپای بەدەستهێناوە، هەروەها یەکەم راهێنەریشە خاوەنی پێنج نازناوی چامپیۆنزلیگە و وەک یاریزانیش، دووجار نازناوی هەمان پاڵەوانێتیی بردووەتەوە.
 
کارلۆ لەبارەی نەیمارەوە زیاتر قسەی کردووە و دەڵێ، "خۆشەویستیی نەیمار لای هەمووان خاڵێکی گرنگە. لەبەرئەوەی ئێمە دەبێ ئەوە لەبەرچاوبگرین لە ئەگەری بانگکردنیدا، چ جۆرە کەشێک دروست دەبێت، کارەکە بەو شێوەیە نییە کە من بەبانگکردنی ئەو بچم لە ژووری جلگۆڕیندا بۆمبێک بتەقێنمەوە، ئەو رێزێکی زۆری لێدەگیرێت".
 
ئەنچێلۆتی زیاتر دەڵێ، "پێموایە سرووشتییە یاریزانان گوزارشت لەبۆچوونی خۆیان بکەن، من پێزانیم بۆ ئامۆژگارییەکانیان هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا کەسە گونجاوەکە بۆ بڕیاردان، هەر خۆمم".
 
کاتێک پرسیار لە ئەنچێلۆتی کراوە لەبارەی ئەوەی ئایا داواکاریی یاریزانەکان، وایکردووە بۆچوونی لەبارەی بانگهێشتکردنی نەیمارەوە بگۆڕێت، ئەو دەڵێ، "تەنیا لە یەک خاڵدا، ئەو خاڵەش بریتی بوو لەوەی کە دڵنیاببمەوە لە ئەگەری بانگهێشتکردنیدا، هیچ کێشەیەک لەنێو کۆمەڵە یاریزانەکەدا دروست ناکات".
 
راهێنەری پێشووی ریال مەدرید گوتوویەتی، "پێموانییە بوونی نەیمار کاریگەریی نێگەتیڤ لەنێو یاریزانەکاندا دروست بکات، چونکە بەچاوپۆشین لەوەی کێ لە لیستەکەدا دەبێت و کێی تێدا نابێت، کەشەکە زۆر روون و پۆزەتیڤە لە ژووری جلگۆڕیندا".
 
ئەو دووپاتیدەکاتەوە کە "من ناتوانم کۆنترۆڵی ئەوە بکەم لە دەرەوە چی دەگوترێت".
 
لەبارەی ئامادەیی نەیمارەوە لە رووی جەستەییەوە، ئەنچێلۆتی ئاماژەی بەباشبوونی توانای جەستەیی ئەو یاریزانەداوە و دەڵێ، "لە چەند یاریی رابردوودا بینیم کە توانای جەستەیی زۆر باشتربووە".
 
هەروەها دەڵێ، "لەماوەی رابردوودا هەندێک یاریی زۆر باشی هەبوو. توانای ئەوەی هەیە بەهەمان ریتمەوە کۆتایی بەیارییەکان بهێنێت، بەڵام هەندێک یاریی لە هەندێکی دیکە جیاوازن".
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکە دووپاتیدەکاتەوە، بڕیارەکەی لەبارەی نەیمارەوە بەتەواوی هونەریی دەبێت، ئەو دەڵێ "هیچ کەسێک گوشاری لەمن نەکردووە بۆ ئەوەی نەیمار بانگ بکەم، سەربەخۆیی تەواوم هەیە و بڕیارەکەم لەسەداسەد پیشەیی دەبێت".
 
ئەنچێلۆتی زیاتر دەڵێ، "ئایا دەتوانم پێکهاتەیەکی نموونەیی هەڵبژێرم؟ بێگومان مەحاڵە، بەڵام دەتوانم پێکهاتەیەک دابنێم کە لە کەسانی دیکە هەڵەی کەمتر بێت، من دڵنیام لەوە".
 
هەڵبژاردەی بەرازیل لە مۆندیالی ئەمساڵ لە کۆمەڵەی سێیەم لەگەڵ هەڵبژاردەکانی مەغریب، هایتی و سکۆتلاند یارییدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە