رووداو دیجیتاڵ
ڤیکتۆر ئۆسیمێن، ئەستێرەی نەیجیری و یانەی ناپۆلی دەستەوارەیەکی گەورەی یانەی هیلالی رەتکردەوە و دەیەوێت لە یانەی گاڵاتەسەرای درێژە بە یارییکردن بدات.
ئۆسیمێن، لە وەرزی 2024-2025 بەشێوەی خواستن لە یانەی گاڵاتەسەرای تورکی یاریی دەکرد، بەدرێسی یانەکەوە یاریزانەکە 30 یاریی ئەنجامدا، 26 گۆڵی تۆمارکرد و 5 گۆڵی دروستکرد.
دوای ئەوەش یاریزانەکە ماوەی خواستنەکەی کۆتاییهات و ئێستا یاریزانی یانەی ناپۆلییە.
یانەی هیلالی سعودی ماوەیەکی زۆرە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو یاریزانە دەکات بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەکەوە بکات و شوێنی ئەلیکساندەر میترۆڤیچ بگرێتەوە، کە چاوەڕواندەکرێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا لە یانەکە بڕوات.
رۆژنامەی کۆریێری دێلۆ سپۆرتی ئیتاڵی دەڵێت "ئۆسیمێن دەستەوارەیەکی هیلالی بە 40 ملیۆن یۆرۆ رەتکردەوە، لەکاتێکدا بۆ ماوەی سێ ساڵ دەگەیشتە 120 ملیۆن یۆرۆ و بژاردەی نوێکردنەوەی بۆ ساڵی چوارەمیشی لەگەڵ بوو."
رۆژنامەی ریبۆبلیکای ئیتاڵی نووسیوویەتی "ئۆسیمێن ئاماژەی روونی داوەتە یانەی گاڵاتەسەرای کە دەیەوێت جارێکی دیکە بەدرێسی ئەو یانەیەوە یاری بکاتەوە و وەرزی داهاتووش لەگەڵ یانەکە بەردەوامبێت."
ئۆسیمێن نایەوێت جارێکی دیکە بەدرێسی ناپۆلییەوە یاری بکات، هیچ دەستەوارەیەکیشی لە ئینگلتەرا و یانەکانی دیکەی ئیتاڵیا نییە، یانەی گاڵاتەسەرای نایەوێت یاریزانەکە بە پارەیەکی زۆر بکڕێت و ئەو مووچەیەشی پێشکێشی یاریزانەکەیان کردووە 16 ملیۆن یۆرۆیە.
ڤیکتۆر ئۆسیمێن تەمەنی 26 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ ناپۆلی لە هاوینی 2026 کۆتاییدێت و نرخەکەی ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا 70 ملیۆن یۆرۆیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ