رووداو دیجیتاڵ
پاریس سانجێرمان نرخێکی گرانی بۆ ڤیتینیا داناوە، لەکاتێکدا ریال مەدرید بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێت بۆ لۆکا مۆدریچ و تۆنی کرووس لە هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەی چابی ئەلۆنسۆدا.
دوای رۆیشتنی مۆدریچ بۆ ئەی سی میلان و وازهێنانی کرووس، یانە شاهانەکە لە هێڵی ناوەڕاستدا پێویستی بە یاریزانێکە لانیکەم شوێنیبیەکیکیان پڕبکاتەوە.
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، چابی ئەلۆنسۆ، ڤیتینیای وەک گرێبەستێکی لەپێشینە دیاریکردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی مانچێستەر سیتی سوور بوو لەسەر هێشتنەوەی رۆدری، بەڵام پاریس سانجێرمان وەک نرخێکی سەرەتایی 130 ملیۆن یۆرۆی بۆ ڤیتینیا دیاریکردووە.
مەدرید پێویستی بە یاریزانێکە بتوانێت ریتمی یاری کۆنترۆڵ بکات و هێڵەکان بشکێنێت، رۆڵێک پێشتر کرووس و مۆدریچ دەیانگێڕا. ڤیتینیا بۆ ئەو شێوازە گونجاوە و خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی لەژێر سەرپەرشتی لویس ئێنریکی لە پاریس سەلماندووە.
یاریزانە 25 ساڵەکە لەساڵی 2022 لە پۆرتۆوە بە 41.5 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە پاریسەوە کرد. فرۆشتنی بە 130 ملیۆن یۆرۆ دەبێتە گەورەترین فرۆشتنی مێژووی پاریس سانجێرمان و ژمارەکەی نەیمار بۆ هیلال تێدەپەڕێنێت. لەهەمانکاتدا ئەگەر گرێبەستەکە بکرێت، دەبێتە گرانترین گرێبەستی مێژووی ریال مەدرید و ژمارەکەی ئیدین هازارد 115 ملیۆن یۆرۆ دەشکێنێت.
یانە شاهانەکە پێویستی بە جوڵەیەکی دارایی گەورە دەبێت بۆ هێنانی ڤیتینیا، بەڵام بەهۆی ئەوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یانەکە داخراوە، ئەگەری ئەنجامدانی گرێبەستەکە زۆر کەمە، مەگەر پاریس داواکارییەکانی کەم بکاتەوە یان مەدرید ئەستێرەیەکی گەورە بفرۆشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ