ئەو پێنج ناوەڕاستکارەی ریال مەدرید دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ یەکێکیان بکات

06-01-2026
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید ڤیتینیا ئادەم وارتۆن ماک ئالیستەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، یانەی ریال مەدرید لیستی پێنج ناوەڕاستکاری دەستنیشانکردووە کە دەیەوێت هاوینی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ یەکێکیان بکات.
 
ریال مەدرید بڕیاریداوە ناوەڕاستی تیپەکەی بەهێز بکات، بەتایبەت کە لە دوای رۆیشتنی لوکا مۆدریچ و تۆنی کرووسەوە، هەست بەبۆشایی گەورەی ئەو دوو یاریزانە دەکرێت.
 
ریال مەدرید دەیەوێت ناوەڕاستکارێکی کوالیتی بەرز کە توانای رێکخستنی ریتمی تیپەکەی هەبێت، پەلكێشی ریزەکانی بکات.
 
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی دەڵێ، ریال مەدرید بەشوێن یاریزانێکدا دەگەڕێت، تایبەتمەندییەکانی تۆنی کرووسی هەبێت.
 
ئەو رۆژنامەیە دووپاتیکردووەتەوە، لیستە کورتکراوەکەی ریال هەریەکە لە ئەلێکسیس ماک ئالیستەر (لیڤەرپوول)، ڤیتینیا (پاریس سانجێرمان)، ئینزۆ فێرناندێز (چێڵسی)، ئادەم وارتۆن (کریستاڵ پاڵاس) و کیس سمیس (ئەلکەمار) لە خۆ دەگرێت.
 
'ئەی ئیس' دەڵێ، هەوڵەکانی ریال مەدرید بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ماک ئالیستەر و ڤیتینیا رووبەڕووی ئاڵۆزیی زۆر دەبنەوە، بەهۆی ویستی یانەکەیان بەهێشتنەوەی ئەو یاریزانانە لە ریزەکانیان.
 
هەرچی وارتۆنە گرێبەستی لەگەڵ پاڵاس تاوەکو 2029 یە و ئەوەش وا دەکات یانەکە بەئاسانی دەستبەرداری ئەو یاریزانە نەبێت و لە دانوستاندندا پێداگیری لەسەر ئەو نرخە بکات، کە خۆی دەیەوێت.
 
هەرچی ئینزۆ فێرناندێزە، چێڵسی ئامادەنییە بیفرۆشێت، ئەگەر بیر لە فرۆشتنیشی بکاتەوە، بێگومان بەمەرجی پارەیەکی زۆر دەبێت و وەک رۆژنامەکە دەڵێ، گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ ریال مەدرید، لانیکەم 100 ملیۆن پاوەند دەبێت.
 
هەرچی دۆخی سمیسە لەگەڵ ئەلکمار، بەهای یاریزانە لە بازاڕی گواستنەوەدا 52 ملیۆن یۆرۆیە و پێشبینیدەکرێت تاوەکو کۆتایی وەرز، ئەو بەهایە بەرزتر ببێتەوە.
 
ئەگەرچی ریال مەدرید بڕیاریداوە لەماوەی گواستنەوەی زستانەدا جووڵەیەکی ئەوتۆ نەکات، بەڵام یانەکە سوورە لەسەر هێنانی ناوەڕاستکارێک لە هاوینی داهاتوودا و داواکاریی ئەلۆنسۆش، بۆ هێنانی ناوەڕاستکارێک، بووەتە پێویستییەکی گەورە لەیانەکەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە