رووداو هەولێر
یەکێتیی باسکەی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا پاڵەوانێتیی باسکەی عێراق لە شاری بەغدا بەڕێوەببات، بەڵام یانەکانی هەرێمی کوردستان ناڕازین و دەیانەویت یارییەکان لە یەکێک لەنێو خاکی خۆیان بێت.
بەپێی ئەو بڕیارەی یەکێتیی باسکەی عێراق بێت، رۆژی 12ـی ئەم مانگە یارییەکانی کێبرکێکە لەنێو هۆڵی داخراوی شەعبی پایتەختی عێراق دەستپێدەکەن، هێشتا ژمارەی یانە بەشدارەکان دیارینەکراوە و رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە داوایانکردووە تاوەکو دوو رۆژی داهاتوو تیپە بەشدارەکان دەرخستەی ناوی یاریزانان و راهێنەرانیان پێشکێش بکەن.
ئەو بڕیارەی یەکێتیی باسکەی عێراق، ناڕەزایەتی و رەخنەیەکی زۆری لەلایەن یانەکانی کوردستانەوە لێکەوتەوە، هەریەک لە یانەکانی سەنحاریب، ئەکاد عەنکاوە و سابیس بە نووسراو داوایانکردووە کە یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە لە یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچن.
یانەی سابیس، ناوێکی نوێ لە وەرزشیی کوردستان و عێراق کاردانەوەیەکی تووندی پیشاندا و بایکۆتی بەشداری یارییەکانی لە شاری بەغدا کرد، ئەو تیپە لە دوو وەرزی رابردوو پلەی دووەمی پاڵەوانێتیی عێراقی بەدەستهێناوە.
نەوشێروان رۆستەم، سکرتێری یانەی سابیس لەبارەی نیگەرانیان لە بڕیارەکانی یەکێتیی باسکەی عێراق بۆ رووداو گوتی "بەشداری پاڵەوانێتیی عێراق لە بەغدا ناکەین، چونکە بە پاڵەوانێتییەکی نارێکخراو دەزانین و بڕیارەکەیان نا پڕۆفشناڵانەیە، ئێمە تاوەکو بەر لە هەفتەیەک لە گفتوگۆدا بووین لەگەڵیان و ئەوان بە ئێمەیان گوت کە بەهۆی دوورخستنەوەی سەرۆک و ئەندامی یەکێتییەکە و هێنانی دەستەی کاتی هەموو چالاکییەکان وەستاون".
ساڵانە هەولێر میوانداریی یارییەکانی باسکەی کوڕان و خانمانی عێراق دەکات، بەر لە هەفتەیەک یارییەکانی قۆناخی کۆتایی خولی بالەی کچانی عێراق لە عەنکاوە بەڕێوەچوو.
ئەو بەرپرسەی یانەی سابیس، زیاتر روونیکردەوە "پێشنیازی ئەوەمان بۆ یەکێتییەکە و هەموو یانەکان کرد کە بێنە شاری هەولێر، ئێمە تێچووی میوانداریکردنی دەخەینە ئەستۆی خۆمان لە هەموو رووییەکەوە، تەنانەت خەڵاتێکی گەورەی ماددیمان دانابوو وەک رێزێک لە یانەی پاڵەوان، ئێمە شۆک بووین کاتێک دەستەی کاتیی یەکێتیی باسکەی عێراق کتوپڕ ئەو بڕیارەی دا".
ساڵانە هەریەک لە یانەکانی ئەکاد عەنکاوە، سەنحاریب، سابیس و غازی باشوور ململانێ لەسەر پلەکانی پێشەوەی پاڵەوانێتیی باسکەی خانمانی عێراق دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ