ڤیدیۆ؛ کوردێکی ئێزدی لە ئەڵمانیا بە ئاڵای کوردستانەوە بووە پاڵەوان

06-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بادین حەسۆ
بادین حەسۆ
نیشانەکردن بادین حەسۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بۆکسێنەرێکی کوردی ئێزدی، لە ئەڵمانیا نازناوێکی گەورەی لە یاریی بۆکسێندا بردەوە و بووە پاڵەوان و لە رێگەی رووداوەوە دەڵێت "سێ مانگە ئامادەکاری دەکەم و ئەم دەستکەوتە پێشکێشە بە هەموو گەلی کوردستان."
 
بادین حەسۆ، کوردێکی ئێزدییە، لە شاری ئۆبەرهاوسنی ئەڵمانیا بەرامبەر یاسر ئەحمەد مالیکی یاریزانی پاکستانی یارییکرد.
 
بەر لە یارییەکە دەیان کورد چوونە شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکە و پاڵپشتیی بادینیان دەکرد و بە ناوی ئەوەوە هاواریان دەکرد.
 
چەند خولەکێک بەر لە دەستپێکردنی رکابەرییەکە بادین حەسۆ بۆ رووداو قسەیکرد و گوتی "سێ مانگە خۆم بۆ ئەم یارییە ئامادەدەکەم و بەردەوام لەگەڵ راهێنەرەکەم یوسف رەمەزان مەشق دەکەین، پشتیوان بە خوا و تاوسی مەلەک رکابەرییەکەم لە زەوی دەدەم."
 
دوای ئەوە بادین بە جلوبەرگێکی تایبەت کە بە ئاڵای کوردستان دروستکرابوو و بە سروودی ئەی رەقیبەوە و چووە سەر ستەیج و رکابەرییەکە دەستیپێکرد.
 
دوای رکابەرییەکی زۆر لەنێوان هەردوو بۆکسێنەرەکە بینرا، بەڵام لە گەڕی سێیەمدا بۆکسێنەرە کوردەکە توانیی رکابەرەکەی لە زەوی بدات و یارییەکەی بردەوە.
 
بردنەوەی بادین لە یارییەکەدا هۆڵەکەی پڕکرد لە ئاهەنگ و خۆشی، دوای ئەو سەرکەوتنەش بادین جارێکی دیکە بۆ رووداو قسەیکرد و گوتی " ئەم پاڵەوانبوونەم دیارییە بۆ گەلی کورد و کوردستان، بۆ سەرۆکمان مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، زۆر سوپاس بۆ هاتنی ئێوە، هەربژی کورد و کوردستان."
 
دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیە و بەدەستهێنانی خەڵاتی (WBC) بادین حەسۆ بە ئاڵای کوردستانەوە ئاهەنگی لەگەڵ هاندەرانی گێڕا و دەنگی دەهۆڵ و زۆرنا و شایی کوردی هۆڵەکەی پڕ کرد.
 
 بادین ئیدریس حەسۆ زۆزانی، تەمەنی 31 ساڵە و لە شێخان لە دایکبووە، کوردێکی ئێزدییە و یاریزانێکی بەنێوبانگی یاریی کیک بۆکسێنە ئەمە نۆیەم بردنەوەی یاریزانە کوردستانییەکەیە لەم ساڵەدا بەدەستیدەهێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە