کاناڤارۆ بووە راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان بۆ مۆندیالی 2026

06-10-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن فابیۆ کاناڤارۆی
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی تۆپی پێی ئۆزبەکستان بەفەرمی فابیۆ کاناڤارۆی ئەفسانەی بەرگری ئیتاڵیای وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی یەکەمی وڵاتەکەی راگەیاند، تاوەکو سەرکردایەتی هەڵبژاردەکە بکات لە مۆندیالی 2026 لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک.
 
یەکێتییەکە لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بەخێرهاتنی راهێنەرە نوێیەکەی کرد و نووسیبووی "گرێبەست لەگەڵ فابیۆ کاناڤارۆ، پاڵەوانی جامی جیهانی 2006 و خاوەنی باڵۆندۆر و یەکێک لە باشترین بەرگریکارانی جیهان، واژۆکرا تاوەکو سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان لە جامی جیهانی 2026 بکات". 
 
ئەم گرێبەستە هەنگاوێکی گەورەی یەکێتیی تۆپی پێی ئۆزبەکستانە بۆ جێهێشتنی شوێنپەنجەیەکی دیار لە یەکەم بەشداری مێژوویی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالدا.
 
کاناڤارۆی تەمەن 52 ساڵ، وەک یەکێک لە دیارترین ناوەکانی مێژووی تۆپی پێی ئیتاڵیا و جیهان دادەنرێت. کاناڤارۆ وەک کاپتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، سەرکردایەتی ئیتاڵیای کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی جامی جیهانی 2006، دوای بردنەوە دراماتیکییەکەیان لە هەڵبژاردەی فەرەنسا لە یاریی کۆتاییدا بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە. 
 
هەر لە هەمان ساڵدا خەڵاتی باڵۆندۆری وەک باشترین یاریزانی جیهان پێبەخشرا و بووە یەکێک لەو بەرگریکارە کەمانەی ئەم شانازییە بەرزەیان بەدەستهێناوە.
 
کاناڤارۆ خاوەنی کاروانێکی هەمەجۆری راهێنەرایەتییە کە دوای وازهێنانی لە یاریکردن دەستیپێکرد، چەندین ئەزموونی لە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەورووپا تاقیکردووەتەوە. ئەو راهێنەرایەتی یانەی نەسڕی سعودی کردووە، هەروەها شوێنپەنجەی دیاری لە خولی چینی لەگەڵ یانەکانی گوانگژۆ ئێڤەرگراند و تیانجین هەبووە و لە 2019 بۆ ماوەیەکی کورت سەرکردایەتی هەڵبژاردەی چینی کرد.
 
دواتر کاناڤارۆ گەڕایەوە ئیتاڵیا بۆ راهێنەرایەتیکردنی یانەکانی بێنێڤێنتۆ و ئۆدینێزی، پێش ئەوەی ئەزموونێکی نوێ لە کرواتیا لەگەڵ یانەی دینامۆ زەگرەب تاقیبکاتەوە، بەمەش ئەزموونی هەمەجۆری راهێنەرایەتی بەدەستهێنا، ئەمەش بێگومان یارمەتیدەری دەبێت لە ئەرکە نوێیەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆزبەکستان، ئەمەش دەتوانێ ئەنجامی ئەرێنی لە گەورەترین کۆڕبەندی تۆپی پێی جیهاندا بەدەستبهێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە