کێ دەبێتە راهێنەری نوێی مانچێستەر یونایتد؟

دوێنێ کاژێر 11:29
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن مانچێستەر یونایتد
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

دوای دوورخستنەوەی رۆبن ئامۆریم لە پۆستی راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد، یانەکە جارێکی دیکە کەوتووەتە گەڕان بەدوای راهێنەرێکی هەمیشەیی، میدیاکانی ئینگلتەراش لیستێکیان لەو بەربژێرانە بڵاوکردووەتەوە کە پێشبینی دەکرێت لە هاوینی داهاتوو یەکێکیان ئەرکی سەرکردایەتیکردنی شەیتانە سوورەکان بگرێتە ئەستۆ.
 
دوورخستنەوەی ئامۆریم دوای تێپەڕبوونی 14 مانگ لە راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتد بەهۆی دروستبوونی کێشە لەسەر پرسی گواستنەوەی یاریزانان و تاکتیکی تیپەکە بوو، ئێستا دارێن فلێچەر بەشێوەی کاتی سەرپەرشتی تیپەکە دەکات تاوەکو یانەکە بڕیار لەسەر راهێنەرێکی نوێ دەدات.
 
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئنگلتەرا، یانەکە چەند بژاردەیەکی لەبەردەستە، یەکەمیان پەنابردنە بۆ راهێنەرە گەنجەکان کە پێشتر لە یانەکە بوون، وەک کیران مەکێنا و مایکل کاریک، کە کاریک دوای سێ ساڵ لە راهێنەرایەتی یانەی میدڵزبرۆ ئێستا بێ یانەیە.
 
بژاردەیەکی دیکە، گەڕانەوەی سۆلشایەرە بەشێوەی کاتی، کە رۆژی سێشەممە گفتوگۆی لەگەڵ یانەکە کردووە. داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن یونایتد لە سەردەمی سۆلشایەردا لە رووی ئەنجامەوە باشتر بووە و رەنگە گەڕانەوەی ئەو راهێنەرە تەمەن 52 ساڵە بۆ ماوەیەکی کورت سوودی هەبێت.
 
لە لیستی ناوە گەورەکاندا، جولیان ناگێلسمان، ماوریسیۆ پۆچێتینۆ و تۆماس توخێل دەبینرێن، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئەم راهێنەرانە سەرپەرشتی هەڵبژاردە نیشتمانییەکان دەکەن و تەنیا 5 مانگیان ماوە بۆ مۆندیال، بۆیە یونایتد ناچارە تاوەکو مانگی 7ـی 2026 چاوەڕێ بکات.
 
ئونای ئێمری، راهێنەری ئاستۆن ڤێلا، یەکێکی دیکەیە لە بەربژێرە بەهێزەکان. ئێمری تەمەن 54 ساڵ، لە ماوەی سێ ساڵدا ئاستۆن ڤێلای گۆڕی بۆ تیپێکی بەهێز و ئێستا کێبڕکێی پێشەنگی پرێمەرلیگ دەکات. ئەو راهێنەرە ئیسپانییە توانیویەتی ئاستی چەند یاریزانێکی پێشووی یونایتد وەک مارکوس راشفۆرد و سانچۆ بەرزبکاتەوە، بەڵام گرێبەستەکەی تاوەکو 2029ـەیە و گواستنەوەی ئاسان نابێت.
 
ئۆلیڤەر گلاسنەر، راهێنەری کریستاڵ پاڵاس، بژاردەیەکی دیکەیە. ئەو راهێنەرە تەمەن 51 ساڵە پێشتر لەگەڵ ئینتراخت فرانکفۆرت نازناوی یۆرۆپالیگی بردووەتەوە و لەگەڵ کریستاڵ پاڵاسیشدا ئەنجامی باشی هەبووە، بەتایبەت سەرکەوتنەکانی بەرامبەر مانچێستەر سیتی و لیڤەرپوول.
 
جولیان ناگێلسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، بەهۆی شێوازی یاریکردنی و ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ کریستۆفەر ڤیڤێل، بەڕێوبەری گواستنەوەکانی یونایتد هەیەتی، ناوێکی دڵخوازی بەرپرسانی یانەکەیە. هەروەها ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی ئەمریکا، کە پێشتر چەندین جار ناوی بە یونایتدەوە بەستراوەتەوە، یەکێکی دیکەیە لە بژاردەکان بەهۆی شارەزایی لە پرێمەرلیگ و توانای پێشخستنی یاریزانە گەنجەکان.
 
داتاکانی ئەم وەرزە چەند ناوێکی چاوەڕواننەکراویشیان خستووەتەڕوو، وەک کریستیان ئیڵزەر، راهێنەری هوفێنهایم کە تیپەکەی گەیاندووەتە کێبڕکێکانی چامپیۆنزلیگ، هەروەها مارسێلینۆ گارسیا تۆرال، راهێنەری ڤیاڕیال کە ئێستا لە پلەی سێیەمی لالیگادایە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە