شەوێکی ئاگرین و پڕ رکابەری لە پرێمەرلیگ

دوێنێ کاژێر 12:13
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پرێمەرلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی لە دۆخێکی خراپی پێکهاتەکەیدا چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە و دەیەوێت درێژە بە رکابەریکردنی یانەی ئارسیناڵ بدات.
 
مانچێستەر سیتی لە رکابەرییەکانی گەڕی 21ـی پرێمەرلیگدا میوانداریی یانەی برایتۆن دەکات و دەیەو‌ێت بەبردنەوەیەکی دیکە لەسەر رکابەریکردنی یانەی ئارسیناڵی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بەردەوامبێت.
 
سیتی لەرووی پێکهاتەوە بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، دوای ئەوەی هەریەکە یۆسکۆ گڤاردیۆل و رۆبن دیاز لە یاریی رابردوودا تووشی پێکانبوو و پێپ گواردیۆلا دەڵێت هەردووکیان ماوەیەکی زۆر لە یاریگەکان دووردەکەونەوە، بەمەش ئەو دوو یاریزانە هاوشانی ئۆسکار بۆب، جۆن ستۆنز، رایان ئایت نوری، ماتیۆ کۆڤاچیچ و عومەر مەرمووش بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
 
تیپەکەی پێپ گواردیۆلا لە 10 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا نەدۆڕاندووە، بەڵام لە دوایین دوو یاریی پرێمەرلیگدا یەکسانبووە و نایەوێت خاڵی زیاتر لەدەستبدات بۆ ئەوەی زیاتر لە ئارسیناڵ دوورنەکەوێتەوە و شوێنەکەشی لە پلەی دووەم مەترسیی لەسەر دروست نەبێت.
 
برایتۆن یەکێک لەو یانانە بووە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەربەستی بۆ مان سیتی دروستکردووە و وەرزی رابردوو یانەکە یارییەکی بردەوە و لە یارییەکیشدا لەگەڵ مانچێستەر سیتی یەکسانبوو.
 
یانەی چێڵسی دوایین یاریی بەبێ راهێنەر ئەنجامدەدات و لە دێربییەکی لەندەنیدا بەرامبەر یانەی فولهام یاریی دەکات.
 
دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا لەگەڵ مانچێستەر سیتی یەکسانبوو، ئەمشەو لە دێربییەکی پایتەختدا چێڵسی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی فولهام یاریی دەکات و دەیەوێت دوای چوار یاری یەکەم بردنەوە تۆماربکات و بگەڕێتەوە سەر رێگەی راست.
 
ئەم یارییەش هاوشێوەی یاریی رابردوو، مەک فارلانێ وەکو راهێنەری یانەی چێڵسی لەسەر هێڵی یاریگە دەبێت، دوای یارییەکە لیام رۆسێنیۆر، راهێنەری نوێی تیپەکە دەستبەکاردەبێت، دوای ئەوەی رۆژی سێشەممە بەفەرمی گرێبەستەکەی راگەیێنرا.
 
فولهام لە دوو یاریی رابردوودا یەکسانبووە و لە پێنج یاریی رابردووی پرێمەرلیگدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و دەیەوێت پارێزگاری لە ئەنجامە باشەکانی بکات بۆ ئەوەی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیک ببێتەوە.
 
لە یارییەکی دیکەدا، کە دوایین یاریی ئەمشەوی پرێمەرلیگ دەبێت، هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتد و بێرنلی رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
ئەمە یەکەم یاریی مانچێستەر یونایتد دەبێت دوای دوورخستنەوەی رۆبن ئامۆریم، لە راهێنەرایەتیی یانەکە و ئەمشەو تیپەکە بەبێ راهێنەر یاریی دەکات و دارێن فلیچەر بەشێوەی کاتی سەرپەرشتی مەشقدانەوەی تیپەکە دەکات.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە