رووداو دیجیتال
پاشەنگ عەبدوڵڵا، ئەستیرەی یانەی دهۆک ئاشکرایکرد، دەچێتە سوێد بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی و چاکبوونەوەی پێکانەکەی.
ئەو ئەستێرە کوردە لە 24ـی مانگی حەوتی 2024 گرێبەستی لەگەڵ یانەی دهۆک واژۆکرد، وەرزی 2024-2025 وەرزێکی زێڕینی وەک هێرشبەرێکی بەتوانا لەگەڵ ئالهۆێن چیای بەسەربرد، دوای ئەوەی نازناوی جامی کەنداو و جامی عێراقیان بردەوە.
وەرزی ئەمساڵ پاشەنگ عەبدوڵڵا، ئاستێکی بەرزی لەگەڵ یانەی دهۆک پێشکەشکرد، بەڵام تووشی پێکانێکی قورس بوو، لە یاریکردن دوورکەوتووەتەوە، بۆ وەرگرتنی چارەسەری سەرەتا چووە ئیمارات.
پاشەنگ عەبدوڵڵا، لەبارەی دۆخی تەندروستی چارەسەرییەکانی بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "لە ئیمارات پزیشکی تایبەتم بینیوە و پێیگوتم کە پێکانەکەم قورس نییە و تەنیا پێویستە پشوو بدەم، بەڵام قسەم لەگەڵ پزیشکانی سوێد کردووە، ئەوان داوایان لێکردم بگەڕێمەوە لەوێ تیشک بکەم، چارەسەرێکی باش وەربگرم و پشوو بدەم".
یانەی دهۆک دوای پێکانەکەی پاشەنگ عەبدوڵڵا، بەردەوام لەگەڵیدا لەسەرهێڵە. ئەو ئەستێرەیە ئاشکرایکرد "یانەی دهۆک بەردەوام هەواڵم دەپرسن و پێیانگوتم کە تەواو چارەسەری وەربگرم و هەرچییەکیش پێویست بێت بۆم دەکەن".
ئەو هەروەها گوتی "زۆریش دڵخۆشم بەئەنجامە باشەکانی تیپەکەم و بیری هاندەران و یارییەکانی خول دەکەم".
پاشەنگ لە دایکبووی 1994ـە لە سوێد. یەکەم دەرکەوتنی لە خولی سوێدییە، یاریی بۆ یانەی داڵکورد کردووە، ئاستبەرزی ئەو وایکردووە بانگهێشتی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراق بکرێت و یاری لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 کردووە.
بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان پاشەنگ عەبدوڵڵا، ئەستێرەی یانەی دهۆک بۆ چاکبوونەوە لە پێکان پێویستی بە شەش هەفتە پشووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ