ڤیدیۆ و وێنە؛ هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەرۆکی یانەی دهۆک کاردانەوەی گەورەی لێدەکەوێتەوە

27-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک
عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک
نیشانەکردن دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک یانەی دهۆک رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڤپەیڤینی تۆڕی میدیایی رووداو، لەگەڵ سەرۆکی یانەی دهۆک کاردانەوەی گەورەی لێدەکەوێتەوە و بەشی زۆری هاندەرانی یانەکە دڵخۆشن بەوەی لە داهاتوودا کار بۆ دروستکردنی یاریگەیەکی نوێ بۆ یانەکە دەکرێت.
 
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک دوای 5 مانگ دوورکەوتنەوە لە میدیاکان جارێکی دیکە لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە دەرکەوتەوە و مژدەیەکی خۆشی دایە هاندەرانی یانەکەی و لەبارەی دۆخی یانەکەوە نهێنی نوێی ئاشکراکرد.
 
لە هەڤپەیڤینەکەدا، سەرۆکی یانەی دهۆک لەبارەی دۆخی یانەکەی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا گوتی "ئەم وەرزە لە وەرزی رابردوو جیاواز دەبێت، ئامانجی ئێمە ئەوەیە لە شەش پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەبین بۆ ئەوەی هەلی یارییکردنمان لە یەکێک لە پاڵەوانێتییەکانی ئاسیادا هەبێت، هەرچەند جارێ زۆری ماوە و ناکرێت پێش رووداوەکان بکەوین."
 
ئەوەی هاندەرانی یانەی دهۆکی زیاتر دڵخۆشکرد ئەوەبوو کە سەرۆکی یانەکە لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە گوتی "کار بۆ دروستکردنی یاریگەیەکی نوێ دەکەین، پارێزگاری دهۆک رەزامەندیی لەسەر پڕۆژەکە داوە و چاوەڕێی هاتنەپێشەوەی وەبەرهێنەران دەکەین بۆ ئەوەی دەست بە پڕۆژەکە بکەین."
 
عەبدوڵڵا جەلال لەو بارەیەوە زیاتر گوتی "یاریگەکە ئۆڵیمپی دەبێت و بەشێوەیەکی سەردەمیانە دروستدەکرێت و شوێنەکەشی دەکەوێتە ئێتیت و لە ماوەی داهاتوودا گفتوگۆ لەبارەی شێوازی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەوە دەکرێت."
 
ئەم قسانەی سەرۆکی یانەی دهۆک لە تۆڕی میدیایی رووداو، کاردانەوەی زۆری لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستکرد، هاندەرانی یانەی دهۆک ستایشی سەرۆکی یانەکەیان دەکەن و دڵخۆشن بەوەی لە داهاتوودا یاریگەیەکی نوێ بۆ یانەکەیان دروستدەکرێت، بەشێکی هاندەرانیش بەشێوەی جیاواز دیزاینی یاریگەکان بڵاودەکەنەوە و پێشنیازی خۆیان لەبارەی
یاریگەی داهاتووی یانەکەیان دەخەنەڕوو.
 
هەندێک لە هاندەران داوا دەکەن یاریگەکە ئۆڵیمپی نەبێت و بەشێوەیەکی جیاواز یاریگەکە دروستبکرێت، هەندێکیشیان پێیاوایە یاریگەی ئێستای یانەی دهۆک یەکێکە لە یاریگە جوانەکان و تەنیا پێویستیی بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
 
کاردانەوەی هاندەرانی یانەی دهۆک
 




یانەی دهۆک لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا 16 یاریی ئەنجامداوە، 8 یاریی بردووەتەوە و ئێستا یانەکە لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە، سەرۆکی یانەکە بە رووداوی گوت "بۆ ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک یەکێک لەو چوار یانەیەیە کە کەمترین پارەی خەرجکردووە و تاوەکو کۆتایی وەرز 2 ملیار بۆ 2 ملیار و 50 ملیۆن دینار خەرج دەکەن."

 

یانەی دهۆک لەسەر ئاستی خولی ئەستێرەکانی عێراق لەم وەرزەدا دوای هەردوو یانەی زاخۆ و زەورا خاوەنی سێیەم بەهێزترین هێڵی بەرگرییە، یانەکە لەم وەرزەدا لە 10 یارییدا گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە.

 
تیپی تۆپی پێی یانەی دهۆک رۆژی دووشەممە دوایین مەشقەکانی بۆ یاریی بەرامبەر یانەی مینا ئەنجامدا، ئەمشەو یانەکە بەرەو بەسرە بەڕێدەکەوێت بۆ ئەوەی رۆژی پێنجشەممە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی ئەو یانەیە ببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە