رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆڵۆمبیا، کوژرانی سانتیاگۆ گایۆن، بازرگانی هۆشبەر و بکوژی ئاندرێس ئیسکۆباری یاریزانی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیای لە ساڵی 1994 راگەیاند.
گۆستاڤۆ پیترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا رایگەیاند، گایۆن کە تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی بەرگریکەرەکەی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا بووە لە دوای مۆندیالی 1994ی ئەمریکا، لە مەکسیک، بەفیشەک کوژراوە.
سەرۆکی کۆڵۆمبیا رایگەیاند، رووداوی کوشتنی ئیسکۆباری بەرگریکەری هەڵبژاردەی نیشتمانیی وڵاتەکە، "وێنەی کۆڵۆمبیای لەسەرئاستی نێودەوڵەتیی تێکشکاند".
دادگای ناوچەی تۆلۆکا لە مەکسیک ئاشکرایکردووە، سانتیاگۆ گایۆن، لە نێو چێشتخانەیەکی ناوچەی هۆیکسکیلۆکان لە ویلایەتی مەکسیکۆ بە فیشەکی بکوژێک کوژراوە.
گایۆن، تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنی ئاندرێس ئیسکۆباری بەرگریکەری هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیابوو.
ئیسکۆبار لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەشداریی لە مۆندیالی 1994ی ئەمریکا کردبوو، لە یاریی هەڵبژاردەکە بەرامبەر ئەمریکا، بە هەڵە گۆڵێکی لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی تۆمارکرد و بەهۆیەوە کۆڵۆمبیا لە قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە دەرکرا.
ئیسکۆبار، پاش دە رۆژ لەو گۆڵەی لە خۆیانی کرد و شەوی دووی حەوتی ساڵی 1994 لە نێو یانەیەکی شەوانە لە شاری مێدیین کە ئەوکات لە ژێر کۆنترۆڵی مافیاکانی هۆشبەردابوو، کوژرا.
پێشتر راگەیێنرابوو، کە سانتیاگۆ گایۆن هیناو و پیدرۆی برای، لە شەوی کوشتنەکەی ئیسکۆباردا لەگەڵ ئەو یاریزانە لە نێو یانەکە، بووەتە دەمەقاڵەیان و سووکایەتیی زۆریان بەو یاریزانە کردووە بەهۆی تۆمارکردنی گۆڵ لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.
لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی کۆڵۆمبیادا، هۆمبێرتۆ مۆنیۆس کاسترۆ کە شۆفێری دووبرا بکوژەکە بوو، دانیبەوەدانابوو کە خۆی چەندین فیشەکی بە تەرمەکەی ئیسکۆبارەوە ناوە لە گەراجی ئۆتۆمبێلەکانی یانە شەوانەکەدا.
ژمارەیەک کەس بە پۆلیسیان گوتبوو، لەگەڵ هەر فیشەکێکدا کە بکوژەکان بە ئیسکۆباریانەوە دەنا، هاواریان دەکرد، گۆڵ... گۆڵ..
بۆچوونی باو لە نێو کۆڵۆمبیا لەبارەی رووداوی کوشتنەکە ئەوەیە کە بازرگانەکانی هۆشبەر، مافیاکان و گرەوکاران پارەی زۆریان لە گرەوکردن لەسەر ئەنجامی یارییەکە دۆڕاندووە، هەر بۆیە تۆڵەی خۆیان لە ئیسکۆبار کردووەتەوە و کوشتویانە.
ماڵباتەکەی گایۆن ئاشکرایانکردووە، ئەو لە مەکسیک سەرقاڵی بازرگانیی مەڕوماڵات بووە و لە رۆژی کوشتنەکەیدا بڕیاربووە بازرگانێکی دیکە ببینێت.
ساڵی 2015 سانتیاگۆ و پیدرۆ داڤید گایۆن، لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکییەوە، خرانە نێو لیستی رەشی وەزارەکە بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە هۆشبەر و تۆمەتبارکردنیان بەکارکردن بۆ 'لا ئۆڤێسینا دی ئینفیگادۆ'ی رێکخراوی مافیایی میراتگری مافیای مێدیین کە پابلۆ ئیسکۆباری گەورە مافیا سەرۆکایەتیی دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ