رووداو دیجیتاڵ
کلۆدیا شینپاومی سەرۆکی مەکسیک، دڵنیایی دایە جیهان لەوەی وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو.
مەکسیک کە لەگەڵ کەنەدا و ئەمریکا، میوانداریی مۆندیالی 2026 دەکات و بڕیارە یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییە جیهانییەکە لەسەر خاکی ئەو وڵاتە بەڕێوەبچێت، چەند هەفتەیەکی پڕ لە تووندوتیژی و کێشەی ئاسایشی تێپەڕاند.
شەپۆلی تووندوتیژی و کێشەکان ئەوکاتە تەقینەوە کە حکومەتی وڵات، کوشتنی نیسیمۆ ئۆسیگوێرا سێرڤانتسی ناسراو بە 'ئێل مێنچۆ' لەلایەن سوپای وڵاتەکەوە راگەیاند.
ئێل مێنچۆ، مەترسیدارترین سەرۆک مافیای مەکسیک و یەکێک لە گەورە بازرگانەکانی هۆشبەربوو لە وڵاتەکە. پاش ساڵانێک لە راوەدوونان و بەشوێندا گەڕان، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزە ئاسایشپارێزەکانی وڵاتەکەدا، لە شاری خالیسکۆ کوژرا.
کوژرانی ئەو سەرۆک دەستە مافیاییە، شەپۆلی تووندوتیژییەکانی لە وڵاتەکەدا بردە ئاستێکی زۆر بەرز، لایەنگرانی ئێل مێنچۆ، هێرشیان کردە سەر دەیان شوێن و دامەزراوەی بازرگانی و خاڵی پشکنینیان لەسەر رێگەکان دانا و هێرشیانکردە سەر هێزەکانی مەکسیک.
تووندوتیژییەکان هەروەها سووتاندنی دەیان ئۆتۆمبێلی لێکەوتەوە، بەتایبەت لە ویلایەتی خالیسکۆ و گوادالاخارای پایتەختی ویلایەتەکە، ژیان لەلایەن گرووپە مافیاییەکەوە پەکخرا.
خالیسکۆ یەکێکە لەو سێ ویلایەتەی مەکسیک، کە بڕیارە میوانداریی یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو بکەن.
شەپۆلی تووندوتیژییەکان وەک ئەوەی حکومەتی وڵاتەکە رایگەیاند، بووە هۆی کوژراونی 70 کەس، لە نێویاندا 25 ئەندامی گاردی نیشتمانیی مەکسیک و ئەوەش گومانی لە توانای مەکسیک لە میوانداریکردنی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە هێنایە ئاراوە.
شینپاوم کە سەردانی خالسیکۆی کرد و چەندین شوێنی جیاوازی ویلایەتەکەی بەسەرکردەوە، لە لێدوانێکدا گوتی، هاتووم بۆ ئەوەی بەخەڵکی خالیسکۆ بڵێم، ئێمە یەکگرتووین، کاردەکەین بۆ ئاشتی، ئاسایش و خۆشبژێویی دانیشتووانی ئەم ویلایەتە جوانە.
شینپاوم و ژمارەیەک بەرپرسی مەکسیک، لە کاتی سەردانەکەدا بۆ خالیسکۆ، پلانی وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی هاندەران و یارییەکانی مۆندیال راگەیاند، کە زیاتر لە 20 دامەزراوەی حکومەتی مەکسیک تێیدا بەشدار دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ