بلاتەر داوای بایکۆتکردنی یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن مۆندیالی 2026 جۆزیف سیپ بلاتەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جۆزی بلاتەری سویسری، سەرۆکی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)، پشتگیریی خۆی بۆ بایکۆتکردنی یارییەکانی مۆندیالی داهاتوو لەلایەن هاندەرانەوە راگەیاند.
 
بلاتەر لە پەیامێکدا نووسیویەتی، "بۆ هاندەران، تەنیا یەک ئامۆژگاری، خۆتان لە چوونە ئەمریکا بپارێزن، پێموایە مارک بیس لەسەرهەقە کاتێک گومانی لە رێکخستنی مۆندیالی داهاتوو هەیە".
 
مارک بیس، پارێزەرێکی بەناوبانگی سویسرییە و تایبەتمەندی دۆسێیەکانی گەندەڵییە و لە نێوان 2011 تاوەکو 2014 لەلایەن بلاتەرەوە راسپێردرابوو، بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی چاکسازی لە فیدراسیۆنەکەدا.
 
بلاتەر داوای نەچوونی هاندەرانی بۆ پاڵەوانێتییەکە کردووە، بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکە.
 
بیس لە چاوپێکەوتنی رۆژنامەی 'دیر بۆند'ی سویسریدا گوتبووی، "ئەگەر هەموو ئەوەی مشتومڕی لەسەرە، لەبەرچاو بگرین، تەنیا یەک ئامۆژگاری هەیە بۆ هاندەران، خۆتان لە چوونە ئەمریکا بپارێزن، لە تەلەڤیزیۆنەکانتانەوە دەتوانن باشتر تەماشای یارییەکان بکەن".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، ئەو هاندەرانەی دەچنە ئەوێ، دەبێ پێشبینی ئەوە بکەن کە ئەگەر هەر شتێکیان هەبێت بەدڵی بەرپرسەکانی ئەمریکا نەبێت، لە باشترین حاڵەتدا، سواری یەکەم گەشتیان دەکەن و دەیانگێڕنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.
 
بلاتەر بەشێک لە قسەکانی بیسی هێناوەتەوە و دەڵێ، "پێموایە ئەو لەسەر هەقە کاتێک گومانی لە مۆندیال هەیە".
 
بڕیارە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک هاوینی ئەمساڵ میوانداریی جامی جیهانیی بکەن بەبەشداریی 48 هەڵبژاردە کە بۆ یەکەمجارە لە مێژوودا ژمارەی هەڵبژاردەکان بەو شێوەیە بەرزدەکرێتەوە.
 
کۆمەڵگەی ئەورووپی و بەرپرسانی تۆپی پێی ئەورووپا، بەهۆی هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەدەستهێنانی دوورگەی گرینلاند، ناڕەزایەتیی تووند دەردەبڕن و لێرە و لەوێ، داوای بایکۆتکردن و نەچوونی هەڵبژاردەکان بۆ مۆندیال دەکەن.
 
ئەورووپییەکان جیا لە کێشەی گرینلاند لە دۆسێی قەدەخەی گەشتکردن بۆ ئەمریکا، هەروەها مامەڵەی نامرۆییانە لەگەڵ کۆچبەران و سیاسەتی دەرکردنی پەنابەران و هەڕەشەی سەپاندنی گومرگی زیاتر بەسەر کاڵا ئەورووپییەکان، ناکۆکیی قووڵیان لەگەڵ ئەمریکا هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە