رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا میوانداریی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی دەکات، کە لە یاریی یەکەمدا فەرەنسییەکان بە گۆڵێکی بێبەرامبەر سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
راهێنەرانی هەردوو یانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکدا قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد و باسی رەوشی تیپەکانیان کرد.
ئەمە پوختەی قسەکانی هەردووکیانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانییەکانیاندا:
لویس ئێنریکێ، راهێنەری پاریس سانجێرمان:
ئێمە ئێستا لێرەین، چونکە شایستەین، بەهۆی هەموو ئەوەی لەم وەرزەدا پێشکێشمان کردووە، ئێستا پێویستە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی بکەین، ئێمە یاریی یەکەممان بردووەتەوە و پێویستە لەسەرمان یاریی دووەمیش ببەینەوە.
زۆر بەبەختم کە میکێل ئارتێتام ناسی کاتێک یاریزان بووم، یاریزانێکی زۆر بچووک بوو، لە بارسێلۆنا بەیەکەوە بووین و وەک یادەوەرییەک کەسایەتی و کارەکتەرە بەهێزەکەی دەمێنێتەوە، ئەو یاریزانێکی نایاب بوو، ئێستاش راهێنەرێکی گەورەیە و دەتوانین ئەو لە ئارسیناڵ ببینین، تیپیکی هەیە گەشەی زۆر ئەرێنی بەخۆیەوە دەبینێت، هیوای باشترینی بۆ دەخوازم، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە یارییەکەی بەرامبەر ئێمە نا.
دێمبێلی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ ئێمە مەشق و راهێنانی کردووە و لە دوایین مەشقەکاندا بینیوتانە، رۆژێکی ئاسایی مەشق و ئامادەکاری بوو و بۆ یارییکردن ئامادەدەبێت.
ئامانجی سەرەکی من لە قۆناخی پێشکۆتایی ئەوەیە پاریس سانجێرمان لە یاریی کۆتایی یاری بکات، دوای ئەوە بزانین چی دەبێت، ئەگەر سەرکەوتین زۆرباشە، ئەگەر نا، هیوای سەرکەوتن بۆ ئەوانەی دیکە دەخوازین، من رابردوویەکم هەیە شانازیی پێوە دەکەم و خۆشەویستیم بۆ بارسێلۆنا هەرگیز کۆتایی نایەت.
میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ:
لە یەکێک لە جوانترین شارەکانی جیهان و بەرامبەر بە رکابەرێکی گەورە، هەرگیز لەوە باشتر نابێت. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی مێژوو تۆماربکەین. لەم یارییەدا دەرفەتێکی گەورەمان لەبەردەمدایە. ئەنجامێکمان لە یاریی یەکەم بەدەستهێناوە پێماندەڵێت کە دەبێت چی بکەین. زۆر شت لە یاریی چوون فێربووین، بەهەمانشێوە بۆمان دەرکەوت کە جیاوازی ئەنجامەکە لەنێوان هەردوو تیپەکە چەندە بچووکە. بەبڕوای من، دەبوو زۆر جیاواز بووایە. بۆیە ئەم یارییە دەرفەتێکی دیکەمان پێدەدات بۆ سەلماندنی ئەو راستییەی کە مافی بەشداریکردنمان هەیە لە یاریی کۆتاییدا.
یەک بردنەوە لە یاریی کۆتایی دوورین. ناتوانین داوای هیچ شتێکی دیکە بکەین، ئێستا با قسە نەکەین. با لەنێو یاریگادا بیکەین کاتێک یارییەکە دەست پێدەکات. باشترینی خۆمان پیشان دەدەین و یارییەکە دەبەینەوە.
زۆر شتمان لە یاریی یەکەمدا کرد، باشتر و خۆڕاگرتر بووین. ئەگەر ئەوە دووبارە بکەینەوە ئەگەری سەرکەوتن زۆر زۆر نزیک دەبێت بۆ ئێمە. ئێمە زۆرجار ئەوەمان کردووە، تەنانەت لەسەر ئاستی ئەورووپاش، بۆیە با مێژووی خۆمان تۆمار بکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ