رووداو دیجیتاڵ
ئیڤان راکیتیچ، ئەستێرەی بەنێوبانگی تۆپی پێی کرواتیا و پێشووی یانەی بارسێلۆنا بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا.
راکیتیچ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە پلاتفۆرمەکانی خۆیدا لە سۆشیاڵ میدیادا بڵاویکردووەتەوە وازهێنانی یەکجاریی لە یارییکردن راگەیاند و دەڵێت "تۆپی پێی ئازیز، تۆ هەر لە یەکەم رۆژەوە بەشێک بوویت لە ژیانی من، لە یاریگەکانی مۆهلین، لە شارەکی من لە سویسرا، تاوەکو دەگاتە گەورەترین یاریگەکانی جیهان، هەمیشەو لەوێ بوویت."
ئەستێرەی هەڵبژاردەی کرواتیا دەڵێت "ئێف سی بازل یەکەم هەلی یاریکردنی پێدام، من تەنیا منداڵێک بووم، بەڵام تۆ واتلێکردم باوەڕم بەوە هەبێت کە دەکرێت هەموو شتێک رووبدات، ئەوە تەنیا سەرەتایەک بوو. لەگەڵ شالکە گەورە بووم، ئەوە یەکەمجار بوو لە ماوەڵەم دووربم، فێربووم رووبەڕووی ئاڵنگاری نوێ و کولتووری نوێ و وانەی نوێ ببم، تۆ بەهێزترت کردم و ئەو گەشەکردنە دەرگای نوێی کردەوە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا راکیتیچ دەڵێت "بەمشێوەیە گەیشتمە سێڤییا، لەوێش شتێکی جیاوازم ئەزموون کرد، زۆر شتی پێبەخشیم و ماڵێکی پێدام، شانازی ئەوەم بەرکەوت ببمە کاپتنی تیپەکە، یەکەم جامی ئەوروپیم بەرزکردەوە، لە هەمووشی گرنگ ئەوەبوو خۆشەویستی ژیانم لەوێ ناسی، سوپاس بۆ تۆ، هاوبەشی ژیانم دۆزییەوە، دایکی کچەکانم، بەمێشوەیە خێزانەکەمم دروستکرد، هەر لەو کاتەی پێموابوو هەموو شتێکم لە ژیانمدا بەدەستهێناوە، جارێکی دیکە سەرسامت کردمەوە."
راکی دێتە سەر بارسێلۆنا و دەڵێت "پاشان بارسا هات، تۆ واتلێکردم بە خەونێکەوە بژیم کە تەنانەت بوێری ئەوەم نەبوو بە خەیاڵیش بیری لێ بکەمەوە، شانبەشانی باشترینەکان یاریم دەکرد، جامەکانم بەرز دەکردەوە، شەوانی ئەفسونایم لە کامپ نو بەڕێکرد، تۆ ئەو پلەیەت پێدام کە ببمە بەشێک لە مێژووی یانەکە، بەڵام تۆ بەوەوە نەوەستای."
ناوەڕاستکارە کرواتییەکە هێشتا قسەیکردووە و دەڵێت "تۆ رێگەت پێدام بگەڕێمەوە سێڤییا، بازنەکە دابخەم و بڵێم سوپاس، جارێکی دیکە هەست بە ماڵەوە بکەم و جارێکی دیکە سەرکەوتن بەدەستبهێنمەوە."
کاتێک کەمترین چاوەڕوانیم دەکرد، تۆ بردمت بۆ شوێنێکی جیاواز، ریتمێکی نوێ و شێوازێکی نوێی ئەزموونکردن، یانەی شەبابت، بابەتی تایبەت و شانازی بوو، کە هاوڕێیەتییەکی تەواوی ژیانم تێیدا دروستکرد، وەکو ئەوەی بزانیت چەند بۆ من مانای دەبێت، لە دوایین بابەتی بیرکردنەوەمدا. ئەمە بەشێکی دیکەی پەیامی راکیتیچە.
ئیڤان زیاتر گوتی "گەڕانەوە بۆ رەچەڵەک و رەگ و ریشەی خۆم، یاریکردن لە کرواتیا بۆ یەکەمجار و نوێنەرایەتیکردنی هایدوک سپلیت، ئەزموونێک بوو بۆ هەمیشە لەگەڵ خۆمدا هەڵیدەگرم، بەڵام لە سەرووی هەمووشیانەوە گەورەترین شانازیت پێدام."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا راکیتیچ دەڵێت "پۆشینی درێسی وڵاتەکەم، نوێنەرایەتیکردنی کرواتیا، بۆ وڵاتێکی بچووکی وەکو ئێمە و گەیشتن بە یاریی کۆتایی مۆندیال، زیاتر بوو لە دەستکەوتێکی وەرزشی، ساتێکی هەمیشەیی بوو، دیارییەک بۆ تەواوی میللەتێک، تۆپی پێ تۆ زیاتر لەوەی خەونم پێیەوە دەبینی پێتدام، هاوڕێ، سۆز و خۆشی و فرمێسکت پێدام، هەموو ژیانێکت پێبەخشیم، ژیانێک کە هەمیشە بە شانازییەوە هەڵیدەگرم، ئێستا کاتی ماڵئاواییکردنە، چونکە ئەگەر لێت دووربکەومەوە، دەزانم هەرگیز لێم دوور ناکەویتەوە. سوپاس بۆ تۆپی پێ، بۆ هەموو شتێک."
ئیڤان راکیتیچ تەمەنی 37 ساڵە بە رەچەڵەک خەڵکی سویسرایە، لە ریزەکانی هەڵبژاردەکانی خوار 16 تاوەکو خوار 21 ساڵی سویسرا یارییکردووە، دوای ئەوە یاریی بۆ هەڵبژاردەی کرواتیا کردووە و لە 2007 تاوەکو 2019 یاریزانی ئەو هەڵبژاردەیە بوو.
لەسەر ئاستی یانەکان بۆ چەندین یانەی جیاواز یارییکردووە، لەوانە بازل، شالکە، سێڤییا، بارسێلۆنا، شەباب و هایدوک سپلیت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ