رووداو دێجیتاڵ
گۆڵپارێزێکی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە گلەیی ئەوە لە ستافی نوێی یانەکەی دەکات کە لەسەر بنەمای پەیوەندی هاوڕێیەتی شوێنی لەو یانەیە نەماوە و دەڵێت "راهێنەر و راهێنەری گۆڵپارێزان نەیاندەویست لە یانەکە بمێنمەوە".
سەرتیپ حەبیب، گۆڵپارێزی یانەی پێشمەرگەی هەولێر، رۆیشتنی لە یانەکەی راگەیاند و لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "کەیفی عەبدولڕەحمانی راهێنەر و کاوە ئیبراهیمی راهێنەری گۆڵپارێزان منیان نەویست".
ئەو گۆڵپارێزە، کە تەمەنی 35 ساڵە و چەندی ساڵ پارێزگاری لە تۆڕی گۆڵی یانەی پێشمەرگەی هەولێری کردووە، لەسەر بەجێهێشتنی یانەکەی بە رووداو سپۆرتسی راگەیاند "من لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر ئاسوودەبووم، وەک ماڵی دووەمی من وابوو، چەند ساڵێک بوو لەگەڵ ئەو یانەیە بووم و ئاسوودە بووم، بەڵام کاتێک ئەو ستافە نوێیە هاتنەوە، منیان نەویست".
ئەو پێیوایە ستافی نوێی یانەکە لەسەر بنەمایەکی ناوەرزشیی بڕیاریان لە داهاتووی ئەو داوە و ویستوویانە هاوڕێیەکی خۆیان بێننە یانەکە.
سەرتیپ لەو بارەیەوە بە رووداو سپۆرتسی گوت "ئەوان بە منیان نەگووت کە نامانەوێیت، بەڵام ئەوەندەم گوێ لێبوو کە گرێبەست لەگەڵ گۆڵپارێزی یانە کەرخ واژۆ دەکەن، بەڵام وادیارە پلان بۆ دارێژڕاو بوو بۆ ئەوەی لە تیپەکە نەمێنم".
هەروەها گوتیشی "ئێستا ئەوان لەگەڵ دلێر حاتەم لە گفتوگۆدان، چونکە کاوە ئیبراهیم و دلێر حاتەم لێک نزیکن، دیارە دەیانەوێت ئەو بهێننە یانەکە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ