ڤیدیۆ.. "سێ نازناومان بردووەتەوە و مەرحەبایەکمان لێ نەکراوە"

29-11-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیهاد عادل
نیهاد عادل
نیشانەکردن نیهاد عادل یانەی پێشمەرگەی هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگەی هەولێر، رەخنە لە بەرپرسانی وەرزشیی کورستان دەگرێت و دەڵیت "سێ نازناومان بردووەتەوە و مەرحەبایەکمان لێ نەکراوە."

نیهاد عادل، جێگری سەرۆکی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لەلێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمە لە یانەی پێشمەرگەی هەولێر ساڵی رابردوو سێ نازناومان لەسەر ئاستی کوردستان بەدەستهێنا، کە نازناوی خولی کوردستان، جامی کوردستان و سوپەری کوردستان بوو، کە ئەمە یەکەمجارە یانەیەک لە ساڵێکدا بتوانێت سێ نازناو بەدەستبهێنێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گلەیی ئەوەمان هەیە تاوەکو ئێستا رێزلێنانمان پێشکێشنەکراوە و هەر مەرحەبایەکیشمان نەکراوە."
 
جێگری سەرۆکی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی یانە نایابەکانی کوردستان دەڵێت "دەمانەوێت ئەو پەیامە بگەیێنین کە پێداچوونەوەیەک بە وەرزشی کوردستاندا بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا رێزلێنەنان و نەپرسینەوە لەلایەن لایەنی پەیوەندیدارەوە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر تیپەکەمان هەیە، بەتایبەت کە ئێمە ساڵانە بە شایەدی هەموولایەک هەوڵێکی جیددی دەدەین بۆ ئەوەی روویەکی گەشی وەرزش پێشانبدەین، بەڵام لێنەپرسینی لایەنی پەیوەندیدار بۆ یانەی پێشمەرگەی هەولێر و هەر یانەیەکی دیکەش کارێکی باش نییە."
 
نیهاد عادل، لە کۆتایی قسەکانیدا لە رێگەی رووداوەوە گوتی "ئێمە تاوەکو ئێستاش چاوەڕێین بۆ ئەوەی یانەکەمان خەڵاتبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەکراوە."
 
نیگەرانییەکانی یانەی پێشمەرگەی هەولێر لەبارەی خەڵات نەکردنی یانەکە لەکاتێکدایە، وەرزی رابردوو یانەکەی پیرمام نازناوی خولی نایابی کوردستانی بۆ جاری سێیەم لە مێژوویدا بەدەستهێنا، دوای ئەوەش جامی کوردستانی بردەوە و سەرەتای ئەم وەرزەش نازناوی جامی سوپەری کوردستانی بەدەستهێنا، کە یەکەمجارە یانەیەک لە وەرزێکدا 3 نازناو بەدەستبهێنێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە