رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی مژدەیەکی خۆش بۆ هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا بڵاودەکاتەوە کە پەیوەستە بە گەڕانەوەی لامین یامال، ئەستێرەی لاوی یانەکە.
دوای یاریی بارسێلۆنا بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا و دۆڕانیان لەو یارییەدا پێکانی لامین یامال لە بڕبڕەی پشتیدا راگەیێنرا و ئەو یاریزانە جارێکی دیکە لە یاریگەکان دوورکەوتەوە.
دوای ئەو پێکانە راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاند، یاریزانەکە بەهۆی پێکانەوە بۆ سێ هەفتە دووردەکەوێتەوە و گومان هەیە لەوەی بەشداری لە یاریی کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنادا بکات کە رۆژی 26ـی ئەم مانگە دەکرێت.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ئەمڕۆ هەواڵێکی خۆشی لەبارەی گەڕانەوەی ئەو یاریزانەوە بۆ هاندەرانی بلاوگرانا بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "یاریزانەکە لەگەڵ تیمی پزیشکی یانەی بارسێلۆنا چارەسەرییەکانی وەردەگرێت و هەردوولا متمانەیان بەوەیە کە ئەو یاریزانە بۆ یاریی بەرامبەر ریال مەدرید ئامادەدەبێت و ئەگەری هەیە بەر لەو یارییەش لە لالیگادا بەرامبەر جیرۆنا و لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر ئۆڵیمپیاکۆس چەند خولەکێک بەشداری بکات."
ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا رایگەیاندبوو، دڵنیا نییە لەوەی لامین بۆ یاریی کلاسیکۆ ئامادەدەبێت یان نا.
بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە، لامین یامال لە هەڵبژاردەی ئیسپانیاش دوورخراوەتەوە و بەشداری لە هەردوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەکە بەرامبەر هەردوو هەڵبژاردەی جۆرجیا و بولگاریا ناکات لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال کە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ئەنجامدەدرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ