رووداو دیجیتاڵ
هاندەران، یاریزانان و راهێنەران ماڵئاوایییان لە ماریۆ زاگالۆ، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەرازیل کرد، کە رۆژی هەینی رابردوو، لە تەمەنی 92 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
زۆربەی هاندەرانی تۆپی پێ لە بەرازیل پێیانوایە زاگالۆ باشترین بەرجەستە و نوێنەری راستەقینەی هەڵبژاردەی نیشتمانی بەرازیلە، کە توانیویەتی 4 مۆندیال بباتەوە. دووجار وەک یاریزان و دووجاری دیکەش وەک راهێنەر.
تەرمی زاگالۆ گواسترایەوە بۆ ریۆ دی جانیرۆ بۆ ئەوەی دەرفەت بە هاندەرانی بدات بەیەکجاری ماڵئاوایی لێبکەن پێش ئەوەی دواتر بگوازرێتەوە بۆ گۆڕستانی ساو خواو باتیستا، کە لە رێوڕەسمێکی سادەدا لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی بە خاک سپێردرا.
زاگالۆ یەکەم کەسە کە وەک یاریزان و راهێنەر 4 نازناوی جامی جیهانی فیفا بباتەوە، بەو پێیەی لە ساڵانی 1958 و 1962 وەک یاریزانێک لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بەدەستهێناوە، دواتر لە ساڵی 1970 وەک راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل جامی جیهانی بەدەستهێناوە و لە مۆندیالی 1994 وەک یاریدەدەری راهێنەر جامەکەی بەدەستهێناوە.
ئیدیناڵدۆ رۆدریگێز، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل، بەو بۆنەیەوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "زاگاڵۆ نوێنەرایەتی چەندین دەستکەوت و خۆشی دەکات بۆ هاندەرانی تۆپی پێ لە بەرازیل و هەموو جیهان. یەکێتیی تۆپی پێی بەرازیل هەمیشە کاردەکات بۆ ئەوەی میراتی زاگالۆ بە زیندوویی بمێنێتەوە، چونکە ئەو کەسێک بوو لەنێو یاریگادا، چ وەک وەرزشوان، راهێنەر، یان رێکخەر یان مرۆڤ، بەهاکانی شەفافیەت و ئاسوودەیی و لە سەرووی هەمووشیانەوە پلان و رێخکستنی دەگواستەوە".
رۆدریگێز هەروەها گوتیشی "میرات و پەرۆشییەکەی بۆ خزمەتکردنی تۆپی پێی بەرازیل، چ وەک وەرزشوانێک یان راهێنەرێک، دەبێت ببێتە چرایەک بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە شەرەفی پۆشینی درێسی هەڵبژاردەی بەرازیلییان هەبووە یان راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی بەرازیلیان کردووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ