رووداو دیجیتاڵ
بە ئامانجی گەڕانەوە بۆ سەر رێگەی بردنەوەکان و بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکە، یانەی هەولێر چووەتە نەجەف و دەیەوێت بەبردنەوەی سێ خاڵەوە بگەڕێتەوە.
کاژێر 21:00 لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 19ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی قاسم یاریی دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەی سێ خاڵ لەسەر رکابەریکردن لەسەر پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بەردەوامبێت.
هەولێر گەڕی رابردوو بەرامبەر زاخۆ لە یاریگەی خۆیدا دۆڕاوە و چاوی لە قەرەبووکردنەوەی ئەو دۆڕانەیە، بەر لە یارییەکە باسم قاسم، راهێنەری یانەکە گوتی "قاسم تیپێکی باشە، تایبەتمەندیی باشی هەیە، یارییەکە خاڵی نابێت لە زەحمەتی، ئێمە ئامادەین و متمانەم بە یاریزانە جەنگاوەرەکانم هەیە."
راهێنەری هەولێر زیاتر گوتی "ئێمە پێویستی زۆرمان بە خاڵەکانی ئەم یارییە هەیە، هیوادارم بتوانین نیوەی ئەو ئاستە پێشکێشبکەین کە لە نیوەی دووەمی یارییەکەمان بەرامبەر زاخۆ پێشکێشمان کرد."
بەر لە یارییەکە هەولێر لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکە و بەبردنەوە دەکرێت بچێتەوە پلەی دووەمی ریزبەند، ئەگەر رکابەرەکانی نەیبەنەوە.
یانەی قاسم خاوەنی تەنیا یەک خاڵە، لە 18 گەڕی رابردوودا 17 جار دۆڕاوە و جارێک یەکسانبووە، هیچ بردنەوەیەکی نییە و لە پلەی کۆتایی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ