رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەورۆز و هاندەرانی شەوێکی مێژووییان تۆمارکرد و سەرکەوتن تێکەڵی نمایشە سەرنجراکێش و داهێنەرانەکەی پەیجەکانی یاریگە بوون.
بەردەوام وەک پەیامنێرێک دەچم بۆ یارییەکانی یانە کوردستانییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و سەردانی یاریگە جیاوازەکانی کوردستان و عێراق دەکەم، هەموو یاریگەیەک جوانییەکی خۆی هەیە، بەڵام کاتێک نزیک دەبیتەوە لە یاریگەی نەورۆز لە شاری سلێمانی قسە خۆشەکانی خەڵکی ئەو شارە و تامی چای سەر خەڵووزی ئەو کاسبکارانەی لەوێن چێژێکی زۆر بە رێبوارانی ئەو رێگایە دەبەخشێت، کە هاندەران و ئەو کەسانەی دێنە یاریگە بینەری دەبن.
رەمەزانە و دوای شکاندنی بەربانگ ئاوەدانی گەڕایەوە نێو یاریگە، ئەو کارمەندەی کە وەک کارگێڕی تیپی نەورۆز کاری رەخساندنی کارئاسانییە بۆ یاریزانان، لەگەڵ نزیکبوونەوەم لە ژووری جلگۆڕینیان، رووییەکی خۆشی پێشاندام بۆ ئەوەی دیمەنی ژووری جلگۆڕینیان بگرم. ئەو کارمەندە نموونەیەکی زیندووی هەموو یانەکەیە، کە هەموویان بە بەرپرسان و کارماندانەوە مامەڵەیەکی شارستانی و بەرپرسانە لەگەڵ من و هەر رۆژنامەڤانێکی دیکە دەکەن.
زۆری نەخایاند مارادۆناکەی نەورۆز لەگەڵ ئەستێرەکانی دیکە گەیشتنە یاریگە، سڵاوم لە مارادۆنا کرد کە بە کوردێکی عەیار 24 وەسفم کرد، زۆر دڵخۆشبوو، نیگای بۆ نێو مۆبایلەکەم بوو، بەپێکەنین و چەند وشەیەکی کوردی خۆشییەکی بێوێنەی نواند.
وەلی کەریمی راهێنەریش وەک هەمیشە لوتف و قسەی خۆشی بۆ من و هاندەران نیشاندا، ئیدی ئەوان چوونە نێو ژووری جلگۆڕین بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.
دەرگای یاریگە بەڕووی هاندەران کرایەوە، وەک هەمیشە بەشێکی زۆری هاندەرانی یانەکە خانمان بوون و هاوشانی هاوژین و براکانیان ئاڵای تیپەکەیان بەرزدەکردەوە. ئەمجارە ئەوەی لای من بووە جێگای سەرنج دوو خانمی بەرازیلی بوون، هەر لەگەڵ گەیشتنیان بۆ سەر پەیژەکانی یاریگەی نەورۆز کەوتنە وێنەگرتن و زۆر دڵخۆش بوون، لێیان نزیکبوومەوە، دەرکەوت هاوژینی نێتۆ ئاکارا و جێڤێرسۆن سێلڤای یاریزانی نەورۆز بوون، ئەوان هاتبوون بۆ هاندانی نەورۆز.
دانیالا لیچ، هاوژینی نێتۆ ئاکارای هێرشبەری یانەی نەورۆز خانمێکی بەرازیلییە و بە زمانی ئینگلیزی گفتوگۆ دەکات، ئەو خانمە بۆ رووداو سپۆرتس بە رووییەکی خۆش قسەی کرد و گوتی "ژیانمان لە شاری سلێمانی زۆر خۆشە و بە پۆشینی درێسی یانەی نەورۆز هاتووم پاڵپشتیان بکەم، زۆر حەزم لە خواردنی کوردییە بەتایبەت بریانی لەگەڵ برنج و مریشک".
هاندەرانی یانەی نەورۆز بەردەوام بە پێشاندانی کلتووری رەوشتبەرزییان بەنێوبانگن، لەگەڵ گەیشتنی شاندی یانەی نەجەف بەگەرمی چوونە لای قەحتان جەسیر، کە راهێنەری نەجەف بوو، وەرزی رابردووش راهێنەری نەورۆز بوو، هاندەرانی نەورۆز بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە کارێکی داهێنەرانەیان ئەنجامدا، بۆ دوو خولەک رووناککەرەوەی یاریگە کوژایەوە، بەڵام ئەوان بە پێشاندانی زیاتر لە هەزار رووناککەرەوە هەموو نیگا و سەرنجەکانیان راکێشا و سەلماندیان کە ناوازەن لە هاندان.
گێمی یەکەم یانەی خاوەن یاریگە و هاندەر نەیتوانی گۆڵی رکابەرەکەی بهەژێنێت، بەڵام وەلی کەریمی راهێنەر لە نیوەی دووەم ئەو قسەیەی سەلماند کە دەڵێت گێمی دووەم گێمی راهێنەرانە، نەورۆز بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یارییەکەی بردەوە.
ئەمجارە لە دەستپێکی مانگی رەمەزاندا شەوێکی لەبیر نەکراو بوو بۆ زیاتر لە دوازدە هەزار هاندەری ئامادەبووی یارییەکە، لەگەڵ لێدانی فیکەی کۆتایهاتنی یارییەکە، ئیدی ئاهەنگگێڕانی یاریزانان و هاندەرانی یانەکە دەستیپێکرد، دیمەنێک کە زۆر تایبەت بوو، جوڵەکانی مارادۆنا بوو، ئەو یاریزانە بەرازیلییە ئاڵای کوردستان و بەرازیلی بەرزکردەوە، بەشێکی دیکەی یاریزانەکانیش لەگەڵ ئەو خۆشییەدا چوونە لای هاوژینەکانیان و منداڵەکانیان لەباوەشکرد و هەمووان تێکەڵی ئەو کەشە خۆشە بوون.
لە میکسزۆنی یاریگە قسەم لەگەڵ ئەستێرەکانی نەورۆز کرد، ئەوەی زۆری لام سەرنجراکێش بوو هەڵویست و خۆشەویستی رەوا یوسفی مایسترۆی یانەکە بوو بۆ شاری سلێمانی و یانەکەی، ئەو بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "هەرچی بۆ نەورۆز بکەم کەمە و ئامادەم خۆم بۆیان فیدا بکەم و دڵیان خۆش بکەم".
مارادۆنا بووەتە هاوڕێم و هاتە بەردەم مایکی رووداو، دڵخۆشبوو چەند وشەیەکی جوانی کوردی دەربڕی بەتایبەت روونیکردەوە "کارێکی ناوازە و سەرنجراکێشمان ئەنجامدا".
یانەی نەورۆز جیا لەوەی نوێنەری کوردستانە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بوونی یاریگە جوانەکەی و هاندەرە داهێنەرەکەی وایکردووە هەموو چاوەکان بکەونە سەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ